مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی لە هەولێر کۆ دەبنەوە

 مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی لە هەولێر کۆ دەبنەوە
ئەمڕۆ دووشەممە مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە شاری هەولێر کۆ دەبنەوە و پرسی پێکهێنانی وەفدی هاوبەش بۆ دانوستان لەگەڵ بەغدا تاتوێ دەکەن.



بڵند ئیسماعیل، بەرپرسی لقی 16ی پارتی لەمبارەوە بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "کۆبوونەوەی ئەمڕۆش هەر لە درێژەی پەرەپیدان بە کۆبوونەوەکانی پێشترە، بۆ ئەوەی بە وەفدێکی هاوبەشەوە سەردانی بەغدا بکەن و پێکەوە بەرنامە و پلانێکی هاوبەش پێشکەش بکەن".



ئاماژەی بەوەش کرد: "لە کۆبوونەوەکەدا پرسی داواکارییەکانی کورد لەگەڵ بەغدا بۆ پێکهێنانی حکوومەتی ناوێ تاوتوێ دەکرێن کە ئەو بابەتە گرنگانەن کە پەیوەندییان بە مافە ڕەواکانی کوردەوە هەیە کە بریتین لە پرسی پێشمەرگە، مادەی 140، پرسەکانی بوودجە، هاوسەنگی و هاوبەشی و بەشداری لە حکوومەتی نوێی عێراق".



لەم کۆبوونەوەیەدا جەخت و پێداگری لەو بەرنامانە دەکرێتە کە بڕیارە لە کۆبوونەوە و دانوستان لەگەڵ لایەنە پێکهێنەرەکانی حکوومەتی نوێی عێراق باسیان لەبارەوە بکرێت.



پاش هەڵبژاردنی پێشووی پەرلەمانی عێراق، بەمەبەستی بەشداری لە حکوومەتی نوێی عێراق و تاوتوێی پێکهاتەی ئەو حکوومەتە پارتی و یەکێتی یەکەم جار بە وەفدێکی هاوبەش سەردانی بەغدایان کرد و هەتا ئێستا چەند جارێکیش لە ئاستی مەکتەبی سیاسیدا کۆبوونەوەتەوە و پێکەوە پرۆژەی هاوبەش بۆ ەبشداری لە حکوومەتیان تاوتوێ کردووە.








باسنیوز
Top