سەرۆک بارزانی پەیامێک بۆ خەڵکی سنە دەنێرێت

 سەرۆک بارزانی پەیامێک بۆ خەڵکی سنە دەنێرێت
سەرۆک بارزانی بەبۆنەی رووداوی گیان لەدەستدانی ژمارەیەک هاووڵاتیی شاری سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان، پەیامێکی هاوخەمی بڵاو دەکاتەوە.

لە پەیامەکەیدا، سەرۆک مەسعود بارزانی هاوخەمیی خۆی بۆ کەسوکاری قوربانییانی رووداوی پێکدادانی تەنکەرێکی نەوتهەڵگر و پاسێک دەردەبڕێت.

سەرۆک بارزانی خەمباربوونی خۆی بەو رووداوە و هاوسۆزیی بۆ خەڵکی شاری سنە دەردەبڕێت و هیوای چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازێت.

کاتژمێر 1ـی بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە 11/7/2018، تانکەرێکی ئێرانیی گواستنەوەی نەوت، کە دەگوترێ نەوتی لە پارێزگای سلێمانییەوە دەبردە پاڵاوگەیەکی شاری ئاراک، لە نزیک تێرمیناڵی سنە خۆی بە پاسێکدا کێشا و لە ئەنجامدا زیاتر لە 30 کەس بوونە قوربانی.



دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی:



بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان


بەداخێكی زۆرەوە شەوی ڕابردوو لە ئەنجامی ئاگركەوتنەوە لە پاسێكی نەفەرهەڵگر لە شاری سنە ژمارەیەك هاووڵاتی بوونە قوربانی.

ئەو ڕووداوە دڵتەزێنە و گیانلەدەستدانی هاووڵاتیانی شاری سنە هەموومانی خەمبار كرد. هاوسۆزی و سەرەخۆشیی خۆم ئاراستەی كەسوكاری قوربانیانی ڕووداوەكە و خەڵكی خۆشەویستی شاری سنە دەكەم و هاوبەشی خەمیانم و هیوای چاكبوونەوە بۆ برینداران دەخوازم.



لە خودای مەزن داواكارم سەبر و ئارامی بە هەموو لایەك بدات.

مسعود بارزانی

11ـی 7ـی 2018










باسنيوز
Top