پەکەکە سەرانە لە رەوەندەکانی کوێستان وەردەگرێت
بەپێی زانیارییەکان، پەکەکە لەژێر ناوی هاوکاری، باج و سەرانە لە رەوەند و خاوەن ئاژەڵەکانی ناوچە سنوورییەکانی نێوان باشور، رۆژهەڵات و باکووری کوردستان وەردەگرێت.
ئەو سەرانەیەی پەکەکە دیاری کردووە و بەسەر خاوەن ئاژەڵەکانی سەپاندووە، بە زۆرەملێ وەردەگیرێ و هەر کەسێکیش ئامادە نەبێ پارەکە بداتە پەکەکە، رێگریی لە لەوەڕاندنی ئاژەڵەکانی دەکرێ و رێگای پێ نادرێ لەناوچەکە بمێنێتەوە.
رێژەی باج و سەرانەکان:
- لە 100 مەڕ و بزن، دەبێ سێ مەڕ یان بزن بدرێتە پەکەکە.
- بۆ هەر مانگایەک، دەبێ 10 هەزار دینار بدرێتە پەکەکە.
- بۆ هەر سندووقێکی مێش هەنگوین، دەبێ یەک هەزار دینار بدرێتە پەکەکە.
- دەبێ خاوەن بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بەپێی رێژەی بەرهەم، باج و سەرانە بدەنە پەکەکە.
وەرگرتنی سەرانە لە رەوەند و خاوەن ئاژەڵەکانی ناوچە سنوورییەکان لەکاتێک دایە، کە بەهۆی و شەڕی نێوان پەکەکە و سوپای تورکیا لەو ناوچانە، کە دەکەونە ناو خاکی هەرێمی کوردستان، دەیان گوندی ناوچەکە وێران بوون.
چەندین جار هاووڵاتییانی ئەو ناوچە سنوورییانە داوایان لە سەرکردایەتیی پەکەکە کردووە بنکە و بارەگاکانیان و شەڕی خۆیان لەگەڵ تورکیا لەو ناوچانە ئەنجام نەدەن و بگەڕێنەوە ناو خاکی باکووری کوردستان، چونکە مەیدانی خەباتی ئەوان باکوورە نەک باشووری کوردستان.
باسنيوز
