دادگای فیدراڵی، لەبارەی تانەی لایەنەكانەوە كۆ دەبێتەوە
پەرلەمانی عێراق، لە ماوەی ڕابردوودا یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی بۆ جاری سێیەم هەموار كردەوە و، بەپێی هەموارەكەیش پێویستە دەنگی سەرتاسەری عێراق بژمێردرێنەوە و دەنگدانی ئاوارەكان و تایبەتی هەرێم و دەرەوەیشی هەڵوەشاندەوە، لایەنەكانیش ناڕەزایەتیی توندیان دەربڕی و ئەو بڕیارەیان بە نایاسایی و نادەستووری لە قەڵەم دا و لە دادگای فیدراڵییش سكاڵایان تۆمار كرد.
سەرۆكی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق، موحسین سەعدوون، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "بە هۆی ئەوەی جەژنی رەمەزان بوو و ماوەی چەند رۆژێكە پشووە، دادگای فیدراڵی نەیتوانیوە لەبارەی تانەی لایەنەكانەوە كۆ ببێتەوە، بەڵام بڕیارە رۆژی پێجشەممە كۆ ببێتەوە و تێیدا گفتوگۆ لەبارەی ئەوسكاڵا و تانانە دەكەن كە لە هەمواری یاسای هەڵبژاردن دراون و بڕیاری خۆیان لەبارەوە دەدەن، ئەو كاتیش دیار دەبێت دادگا چ بڕیارێك دەدات".
بە گوتەی سەعدوون، بڕیارەكانی پەرلەمان نایاسایی و نادەستوورین، چونكە لە ماددەی 3ی هەمواری یاساكەدا باسی هەڵوەشاندنەوەی دەنگی خەڵك دەكات، كە ئەمە نایاسایی و نادەستووری و هەڵەیە، بۆیە دادگای فیدراڵی چارەی ئەو پرسە دەكات.
لەبارەی چارەنووسی حكوومەت و پەرلەمان لە دوای كۆتایی ئەم مانگە، سەرۆكی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق گوتی: "لە دوای یەكی تەمووزەوە، كاری حكوومەت و پەرلەمان كۆتایی پێ دێت و حكوومەتیش دەبێتە كاربەڕێكەر و دەستەڵاتەكانی دیاریكراو دەبن، چونكە پەرلەمان ناتوانێ چاودێری بكات، بۆیە نازانرێت ماوەی ئەو حكوومەتە چەند دەبێت، بەڵام بە ڕای ئێمە دۆخەكە زۆر خراپ دەبێت، چونكە نازانرێت چارەنووسی چۆن دەبێ".
لە 12ی ئایاری ئەمساڵدا، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەنجام درا، بەڵام ئەو پەرلەمانتارانەی كە دەرنەچوون، یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقیان هەموار كردەوە، بۆ ئەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان هەڵوەشێننەوە، ئەمەیش وای كردووە تا ئێستایش ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكان پەسەند نەكرێت.
kdp-
