ئەنجیلینا جولی پشتگیرییه‌كانی حکوومەتی ھەرێم لە پەنابەرانی سوریا به‌رز ده‌نرخێنێت

 	 ئەنجیلینا جولی پشتگیرییه‌كانی حکوومەتی ھەرێم لە پەنابەرانی سوریا به‌رز ده‌نرخێنێت
ئەنجیلینا جولی، نێردەی تایبەتیی کۆمسیۆنی باڵای پەنابەرانی سه‌ر به‌ نەتەوە یەکگرتووەکان و شاندێكی یاوه‌ری، سەردانی ھەولێری کرد و لەلایەن سەفین دزەیی وتەبێژێ فەرمیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و بەرپرسی نووسینگەی تایبەتیی سەرۆکوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ پێشوازی لێ کرا.

سەرەتا دزەیی بە ناوی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکوه‌زیران و حکوومەتی ھەرێمی کوردستانه‌وه‌ به‌خێرهاتنی شاندی میوانی كرد و سوپاسی ئەنجیلینا جولی کرد بۆ گرنگیدانی بەردەوامیان بە نەھامەتییەکانی ئاوارە و پەنابەران لە ھەرێمی کوردستان، هه‌روه‌ها ڕایگەیاند کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەردانە بەردەوامەکانیان بۆ کوردستان به‌مه‌به‌ستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە رەوشی ئاواره‌ و په‌نابه‌ران، بەرز دەنرخێنێت.

دزەیی پوختەیەکیشی دەربارەی ڕەوشی ئێستای هه‌رێمی کوردستان، قەیرانه‌كانی مرۆییی ئاوارە و پەنابەران و دارایی و ئابووری و لێکەوتەکانیان، كاریگه‌رییه‌كانی شەڕی داعش له‌سه‌ر چین و توێژه‌ جیاوازه‌كان، ڕۆڵی بەرچاوی پێشمەرگە لە شەری دژی داعش لە چوار ساڵی ڕابردوودا، سیاسەتی مرۆییی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، گرینگیی ھەماھەنگی و ھاوکاریی زیاتری نێوان حکوومەتی ھەرێم و ئاژانسەکانی سه‌ر به‌ نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەلگه‌ی نێودەوڵەتی بۆ پشتگیریکردن و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە مەدەنیەکان بە خەلکێ لێقەوماو، خسته‌ڕوو.

لای خۆیەوە جولی سوپاسی حکوومەتی ھەرێم و گەلی کوردستانی کرد بۆ میوانداریکردنی ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارە و پەنابەران و هاوكاریكردنیان و ئه‌و ڕۆڵه‌ی ھەرێمی کوردستان به‌رز نرخاند، دڵنیاییشی دایه‌ حکوومەتی ھەرێمێ کوردستان کە لە گەیاندنی پەیامی نەھامەتیەکانی ئاواره‌ و په‌نابه‌ران بە کۆمەڵگای نێودەولەتی به‌مه‌به‌ستی گه‌یاندنی هاوكاری و پشتگیریكردن له‌ حكوومه‌تی هه‌رێم، به‌رده‌وام ده‌بن.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا بیروڕا ده‌رباره‌ی چۆنیەتیی بەھێزکردنی ھاوکاری و ھەماھەنگیی نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و کۆمسیۆنی باڵای پەنابەران و رێکخراوەکانی تری مرۆیی بۆ باشتر بونیادنانەوەی ژیانی ئاوارەکان پێش بونیادنانەوەی خانوو و تەلارەکان، ئاڵوگۆڕ كران.
ھەردوولا لەسەر بەردەوامیی گفتوۆکان بۆ دۆزینەوەی دەستپێشخەریی پێشکەوتوو لە سەرووی پێشکەشکردنی پشتگیریی ماددی و ھاوکاریی مرۆیی بە ئاوارە و پەنابەران كۆك بوون تا دۆخی ناوچەکانیان ئاسایی دەبێتەوە بە سەر بەرزی و ئارەزوومەندانە دەگەرێنەوە سەر زێدی خۆیان.

لە ئێستادا ھەرێمی کوردستان داڵده‌ی ١.٤ ملیۆن ئاوارەی ناوخۆی عێراق و پەنابەرانی سووریا ده‌دات کە ٩٧٪ی پەنابەرانی سوریا لە ھەرێمی کوردستانن و ٣٧٪ یان لە نۆ کەمپ و ئەوانی دیكه‌ لە ناو شار و شارۆچکەکانن، ھاوکات ٤٠٪ ئاوارەی ناوخۆێ عێراق لە کوردستانن کە ٨١٪یان لە ناو شارەکان و ئەوانی دیكه‌ لە ٣٠ کەمپدا نیشتەجێ کراون.
kdp-
Top