ئەنجیلینا جولی ڕۆڵی حکوومەتی هەرێم لە ئاست ئاوارە و پەنابەران بەرز دەنرخێنێت

 ئەنجیلینا جولی ڕۆڵی حکوومەتی هەرێم لە ئاست ئاوارە و پەنابەران بەرز دەنرخێنێت
خاتوو ئەنجیلینا جولی، نێردەی تایبەتیی کۆمسیۆنی باڵای پەنابەرانی سه‌ر به‌ نەتەوە یەکگرتووەکان و شاندێكی یاوه‌ری، ئەمڕۆ یەکشەممە 2018/6/17 سەردانی ھەولێری کرد و لەلایەن سەفین دزەیی گوتەبێژێ فەرمیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و بەرپرسی نووسینگەی تایبەتیی سەرۆکوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ پێشوازی لێکرا.



سەرەتا سەفین دزەیی بەناوی نێچیرڤان بارزانی سەرۆوه‌زیران و حکوومەتی ھەرێمی کوردستانه‌وه‌ به‌خێرهاتنی شاندی میوانی كرد و سوپاسی خاتوو ئەنجیلینا جولی کرد بۆ گرنگیدانی بەردەوامیان بە نەھامەتییەکانی ئاوارە و پەنابەران لە ھەرێمێ کوردستان، هه‌روه‌ها ڕای گەیاند کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەردانە بەردەوامەکانیان بۆ کوردستان به‌مه‌به‌ستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە رەوشی ئاواره‌ و په‌نابه‌ران، بەرز دەنرخێنێت.



پوختەیەکیشی دەربارەی ڕەوشی ئێستای هه‌رێمی کوردستان، قەیرانه‌كانی مرۆییی ئاوارە و پەنابەران و دارایی و ئابووری و لێکەوتەکانیان، كاریگه‌رییه‌كانی شەڕی داعش له‌سه‌ر چین و توێژه‌ جیاوازه‌كان، ڕۆلی بەرچاوی پێشمەرگە لە شەڕی دژی داعش لە چوار ساڵی ڕابردوودا، سیاسەتی مرۆییی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، گرنگیی ھەماھەنگی و ھاوکاریی زیاتری نێوان حکوومەتی ھەرێم و ئاژانسەکانی سه‌ر به‌ نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەلگه‌ی نێودەوڵەتی بۆ پشتگیریکردن و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە مەدەنیەکان بە خەلکێ لێقەوماو، خسته‌ڕوو.



لە بەرانبەردا خاتوو جولی سوپاسی حکوومەتی ھەرێم و گەلی کوردستانی کرد بۆ میوانداریکردنی ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارە و پەنابەران و هاوكاریكردنیان و ئه‌و ڕۆڵه‌ی ھەرێمی کوردستان به‌رز نرخاند، دڵنیاییشی دایه‌ حکومەتی ھەرێمێ کوردستان کە لە گەیاندنی پەیامی نەھامەتییەکانی ئاواره‌ و په‌نابه‌ران بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی به‌مه‌به‌ستی گه‌یاندنی هاوكاری و پشتگیریكردن له‌ حكوومه‌تی هه‌رێم، به‌رده‌وام ده‌بن.



له‌ به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا بیروڕا ده‌رباره‌ی چۆنیەتیی بەھێزکردنی ھاوکاری و ھەماھەنگیی نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و کۆمسیۆنێ باڵای پەنابەران و رێکخراوەکانی تری مرۆیی بۆ باشتر بونیادنانەوەی ژیانی ئاوارەکان پێش بونیادنانەوەی خانوو و تەلارەکان، ئاڵوگۆڕ كران.



ھەردوولا لەسەر بەردەوامیی گفتوۆکان بۆ دۆزینەوەی دەستپێشخەریی پێشکەوتوو لەسەرووی پێشکەشکردنی پشتگیریی ماددی و ھاوکاریی مرۆیی بە ئاوارە و پەنابەران كۆك بوون تا دۆخی ناوچەکانیان ئاسایی دەبێتەوە بەسەر بەرزی و ئارەزوومەندانە دەگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان.



ئێستا ھەرێمی کوردستان داڵده‌ی ١.٤ ملیۆن ئاوارەی ناوخۆی عێراق و پەنابەرانی سوریا ده‌دات کە ٩٧٪ی پەنابەرانی سوریا لە ھەرێمی کوردستانن و ٣٧٪ یان لە نۆ کەمپ و ئەوانی دیكه‌ لە ناو شار و شارۆچکەکانن، ھاوکات ٤٠٪ ئاوارەی ناوخۆێ عێراق لە کوردستانن کە ٨١٪یان لە ناو شارەکان و ئەوانی دیكه‌ لە ٣٠ کەمپدا نیشتەجێ کراون.




باسنيوز
Top