ڕەنگە شاسوار عەبدولواحید بەھۆی قەرزاریەوە NRT دابخات
کارمەندێکی پێشووی کەناڵی (NRT) ڕايگەیاند ساڵی 2015 کەناڵی (NRT) کراوە بەسیستەمی (HD)، لەو کاتەوە شاسوار عەبدولواحید پارەی مانگی دەستکردی کەناڵەکەی نەداوە، کە نزیکەی چوار ملیۆن دۆلاری ئەمریکیە، بۆیە قەرزێکی زۆری لەسەرە و بەم هۆیەوە ئەگەری زۆرە کەناڵەکەی دابخات.
ئەو کارمەندەی پێشووی (NRT) ئەوەشی ئاشکرا کردووە كە شاسوار عەبدولواحید کەوتووەتە ژێر قەرزێکی زۆرەوە، جگە لەوەی پارەیەکی خەیاڵی مانگی دەستکردی کەناڵەکەی قەرزارە، ھەروەھا بڕی 30 هەزار دۆلاری ئەمریكی، کرێی نووسینگەی ھەولێری کەناڵی (NRT) قەرزارە و تا ئێستە ھیچ پارەیەکی کرێی نووسینگەی کەناڵەکەی نەداوە.
کارمەندەکەی کەناڵی (NRT) ئاماژەی بەوەش داوە كە پێشتر شاسوار عەبدولواحید بۆ ئەوەی خۆی لە قەرزی خاوەن پشکەکانی (NRT) بدزێتەوە، بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە خۆی لە کۆمپانیای نالیا و پشکەکانی چاڤی لاند بێ بەری کردووە، بەڵام ڕاست ناکات، چونکە چەند ڕۆژێک پێش ئێستە بەھۆی کۆمێنتێکەوە شاسوار عەبدولواحید دوو کارمەندی کەناڵی (NRT) دەرکردووە، بێگومان ئەوەش بەڵگەی ئەوەیە کە شاسوار عەبدولواحید ھیچ پڕۆژەیەکی خۆی نەفرۆشتووە و بۆ خۆڵکردنە چاوی خەڵک باسی فرۆشتنی کۆمپانیاکانی دەکات.
ئەمەش لە کاتێکدایە كە شاسوار عەبدولواحید جگە لەوەی پارەی 10 ھەزار خاوەن پشکی چاڤی لاندی لایە، پێشتر سیروان محەمەد لێپرسراوی راگەیاندنی بەڕێوبەرایەتی کارەبای سلێمانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندبوو "كارەبای چاڤی لاند بەبڕیاری بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای سلێمانی بڕاوە، کە پارەیەکی زۆر قەرزارن و زیاتر لە 445 ملیۆن دینارە، چەندین جاریش بۆیان کراوە بەقیست، بەڵام هەر نەیانداوە، تاوەکو ئەو کاتەی پارەی کارەباکە دەدەن، کارەبای چاڤی لاند نادەینەوە".
باسنيوز
