عەلاوی داوای گفتوگۆی كورد و لایەنەكانی بەغدا دەكات
ئەیاد عەلاوی، سەرۆكی ھاوپەیمانی وەتەنیە، لە راگەیەندراوێكدا داوای لە سەرجەم لایەنە سیاسییەكانی عێراق كرد، كۆبوونەوەیەك بۆ پێكھێنانی حكوومەت ئەنجام بدەن و ھەوڵەكانیان بۆ ئەم مەبەستە چڕ بكەنەوە.
لە بەشێكی راگەیەندراوەكەدا سەرۆكی ھاوپەیمانی وەتەنیە، داوایكردووە، كورد بەشداری لە كۆبوونەوەكە بكات.
ئەمە لە كاتێكدایە، دوێنێ عەمار حەكیم، سەرۆكی رەوتی حیكمەی نیشتمانی داوای دامەزراندنی حكوومەتێكی تەكنۆكراتی سیاسی كرد.
بڕیاریشە لە چەند رۆژی داھاتوو شاندێكی ھاوبەشی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بە مەبەستی ئەنجامدانی گفتوگۆ بۆ پێكھێنانی حكوومەتی نوێی عێراق سەردانی بەغدا بكەن.
زیاتر لە مانگێك بەسەر ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق تێپەڕیووە، بەڵام بەھۆی ناكۆكی لایەنەكان ھێشتا ئاسۆیەك نییە بۆ رێككەوتن لەسەر پێكھێنانی حكوومەت.
K24
