دكتۆر عەرەفات كەرەم سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی: لە پەرلەمانی عێراق : ھەرکاتێک بە فەرمی بڕیاری ڕەتکردنەوە دەرچوو، ھەڵوێستی توندمان دەبێت و قبووڵی ناکەین

دكتۆر عەرەفات كەرەم سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی: لە پەرلەمانی عێراق : ھەرکاتێک بە فەرمی بڕیاری ڕەتکردنەوە دەرچوو، ھەڵوێستی توندمان دەبێت و قبووڵی ناکەین
ڕەتکردنەوەی دەنگی تایبەت لە ھەرێمی کوردستان لە لایەن پەرلەمانی عێراقەوە کاردانەوەی توندی لایەنە کوردستانییەکانی لێ کەوتەوە و سەرۆکی فراکسیۆنی پارتیش لە پەرلەمانی عێراق دەڵێ، ھەرکاتێک بە فەرمی بڕیاری ڕەتکردنەوە دەرچوو، ھەڵوێستی توندمان دەبێت و قبووڵی ناکەین.

پەرلەمانی عێراق لە دواڕۆژەکانی تەمەنیدا دوای ئەوەی دەستی بۆ ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردنەکان برد، بەوەش نەوەستا دەستی بۆ دەنگی پێشمەرگە و دەنگی تایبەتیش لە ھەرێمی کوردستان برد، وەک دکتۆر عەرەفات کەرەم، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد: "ڕەتکردنەوەی دەنگی تایبەت لای پارتی بە ھیچ شێوەیەک جێگەی قبووڵکردن نییە."

لەم بارەیەوە، دکتۆر عەرەفات کەرم بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھەڵوێستی پارتی دیارە لەبارەی ڕەتکردنەوەی دەنگی تایبەت لە لایەن عێراقەوە، بەیاننامەی مەکتەبی سیاسیی پارتیمان بە ڕوونی ئاماژەی بۆ ئەو بابەتە کردووە و ھەرکاتێک بە فەرمی دەنگی تایبەت لە ھەرێمی کوردستان ڕەت کرایەوە، ئەوکات پارتی ھەڵوێستێکی توندی دەبێت، بە ھیچ شێوەیەکیش بۆ ئێمە جێگەی قبووڵکردن نییە، ئێستا چاوەڕێی کۆتا بڕیارین لەوبارەیەوە، بزانین دادگا چ بڕیارێک دەردەکات."

لەبارەی ھەڵوێستی پارتی لە ئەگەری ڕەتکردنەوەی دەنگی تایبەت، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت: "ئێمە ھەڵوێستمان دەبێت وەک ئاماژەم بۆ کرد، بەڵام ئەوکاتەی بڕیارەکە دەرچوو دیراسەتی بۆ دەکەین و ھەڵوێستی پارتی بۆ ڕای گشتی ئاشکرا دەکەین."

زۆرینەی ھێزە عێراقییەکان ناڕازین لە بڕیارەکانی پەرلەمان و تەنانەت شارەزایانی یاسایی پێیان وایە بڕیارەکانی پەرلەمان لەبارەی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکانەوە پێچەوانەی دەستوورە. دکتۆر عەرەفات کەرەم ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ئێستا ھەموو لایەنە عێراقی و کوردستانییەکان ڕازین بەوەی دەنگەکانی ھەڵبژاردنی مانگی ڕابردووی عێراق بەدەست ھەژمار بکرێنەوە، پەرلەمانی عێراق ئەو دەسەڵاتەی نییە دەنگی پێشمەرگە و تایبەت لە ھەرێمی کوردستان ڕەت بکاتەوە، نە دەستوور، نە یاسا ڕێگە نادەن بەو شێوەیە دەنگی تایبەت لە ھەرێمی کوردستان ڕەت بکرێتەوە."
kdp-
Top