هەولێر.. لە جەژندا كاتەكانی دابەشكردنی كارەبا گۆڕانكارییەك بەسەردا نایەت
حوسێن حەمەد قادر، بەڕێوەبەری دابەشكردنی كارەبای هەولێر ڕایگەیاند بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرماوە، خواستێكی زۆر لەسەر بەكارهێنانی كارەبا لەلایەن هاووڵاتیانەوە دروست بووە.
ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد زۆربوونی خواست بووەتە هۆكاری دروستبوونی گرفت لە تۆڕەكانی كارەبا و گەیاندنی بە شێوەی پچڕپچڕ، كە ئەمەش سیستەمێكی نوێیە و بۆ رێگریكردنە لە كوژانەوەی یەكجاری كارەبا.
گوتیشی: "بەپێی ئەو خشتەیەی كە بە گوێرەی خواست دانراوە، بڕی كارەبا بەسەر دانیشتوانی پارێزگای هەولێر دابەش دەكرێت، "تا ئێستا ئاگادار نەكراوینەوە كە بڕەكە لە رۆژانی جەژندا زیاد دەكات، تاكوو گۆڕانكارییەك لەكاتەكانی پێدانی كارەبا بكەین".
بەڕێوەبەری دابەشكردنی كارەبای هەولێر باسی لەوەش كرد بەپێی ئەو خشتەیەی دیاری كراوە، ڕۆژانە 12 بۆ 13 كاتژمێر كارەبای نیشتمانی بەسەر هاووڵاتیانی پارێزگای هەولێردا دابەش دەكرێت.
بەهۆی كەمبوونەوەی كارەبای نیشتیمانی، كێشەی كەم ئاوی لە چەند گەڕەكێكی شاری هەولێر، بەتایبەتی ئەو گەڕەكانەی لەرێگەی بیرەوە ئاویان بەسەردا دابەش دەكرێت دروست بووە.
باسنیوز
