لە ھەولێر بۆرییەکی سەرەکیی ئاوی ئیفراز دەشکێت
ئەمڕۆ پێنجشەممە 14/6/2018، کەناڵی (کوردستان 24) بڵاوی کردەوە، کە کاتژمێی 2ی پاشنیوەڕۆی دوێنێ چوارشەممەوە، بۆرییەکی سەرەکیی ئاوی ئیفرازی نێوان عەنکاوە و گوندی گەزنە شکاوە، بەوھۆیەشەوە زۆربەی گەڕەکەکانی پارێزگاکە، تووشی کێشەی کەمئاوی بوونە، ئێستاش تیمەکانی چاککردنەوە سەرقاڵی چاککردنەوەی بۆرییەکەن.
لەبارەی ھۆکاری شکانی بۆرییەکەش، ئاماژە بەوە دراوە، کە کۆمپانیایەک بێ ئاگاداریی بەڕێوەبەرایەتیی ئاو کۆگایەکی لەنزیک ئەو بۆرییە داناوە، ئەمەش بووەتە ھۆی شکانی بۆرییەکە، ھەروەھا زەرەر و زیانێکی زۆری بە بۆرییەکە و شوێنەکەش گەیاندووە.
باس لەوەش کراوە، کە ئێستا تیمەکان سەرقاڵی چاککردنەوەی بۆرییەکەن، ھەروەھا لە قۆناغی کۆتایی چاککردنەوەن، بەپێی زانیارییەکانیش ئێوارەی ئەمڕۆ ئاوی ئیفرازەکە دەکرێتەوە، تا نیوەڕۆی سبەی ھەینی، ئاو دەگاتەوە سەرجەم ئەو گەڕەکانەی تووشی کێشەی کەمئاوی بوونە.
باسنیوز
