كوردانی رۆژھەڵات داخوازییەكانیان دەگەیەننە ئەمەریكا
دامەزراوەی لەندەن بۆ لێکۆڵينەوەی سیاسی لە واشنتن، بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی گۆڕینی رژێمی ئێران، بانگێشتی پارتە كوردییەكانی رۆژھەڵاتی كوردستان دەكات، پارتە كوردییەكانی رۆژڵاتیش پێیانەوایە، ئەوان دەیانەوێت دۆست پەیدا بكەن، بۆ ئەوەی لە ھەر ئاڵوگۆڕییەكی ئێراندا رۆڵی سەرەكیان ھەبێت.
مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدكا) بە كوردستان24 راگەیاند: "وەكو كوردی ئێران كە یوكگرتووترین ھێزەكانی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانین، لەو دۆخەدا پێویستە ھەوڵی خۆمان بدەین، بۆ پەیداكردنی دۆست و ھاوكار، بۆ ئەوەی لە پەیوەند لەگەڵ ئاڵوگۆڕی رژێمی كۆماری ئیسلامی ئێراندا، رۆڵی سەرەكیمان ھەبێت، بە ئامانجی ئەوەی كە خەڵكی كورد لەژێر فشار و زۆرداری ئەو رژێمەدابووە دەستكەوتی سیاسی فەراھەم بكەین".
ھەر پەیوەست بەو باسە ئێڵی گۆڵد، جێگری سەرۆکی دامەزراوەی لەندەن بۆ لێکۆڵينەوەی سیاسی دەڵێت: "پێویستە هەنگاوی یەکلاکەرەوە بنێین. پرسیار ئەوەیە چۆن ئەم هەنگاوە بنێین؟. لەرێگەی گفتوگۆ لەگەڵ سەرکردەکانی کورد کە لە ئێران رابەرایەتی ئۆپۆزسیۆن دەکەن، دەبێت هەوڵبدەین گۆڕانکاری لە سەرکردایەتیی ئەم وڵاتەدا بکەین".
مستەفا بایەزیدی، نوێنەری کۆمەڵگەی شۆرشگێری زەحمەتکێشانی کوردستان لە واشینتن بە كوردستان24 گوت: "یەكەمجارە بەمشێوەیە لە واشتن باس لە گۆڕینی رژێمی ئێران دەكرێت، ئەو ھەوڵانە دڵخۆشمان دەكات، ھیواخوازین لە ئایندەدا كۆبوونەوەی زیاتر لەوبارەوە ئەنجامبدرێت".
K24
