لە سنووری گوندێكی كوردنشینی خورماتوو تەرمێكی نەناسراو دۆزرایەوە
محەمەد فایەق، بەرپرسی پێشووی بەشی راگەیاندنی قایمقامیەتی خورماتوو، لە ئەكاونتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بڵاوی کردووەتەوە: "كاتژمێر 10:50 خولەكی بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە 13/6/2018، تەرمێكی نەناسراو لە نزیك پردی (ساری چەم) لە سنووری گوندی "خدر وەل"ی سەر بە قەزای خورماتوو دۆزرایەوە.
محەمەد فایەق زانیاریی زیاتر لە سەر چۆنیەتیی كوژرانی ئەو گەنجە و پاشان دانانی تەرمەكەی لە نزیك ئەو پردەی كە ئاماژەی پێداوە، نەخستووەتە ڕوو، هەروەها تاوەكوو ئێستا ناسنامەی گەنجە ناناسرێتەوە.
گوندی "خدر وەلی" گوندێكی كوردنشینە لە 16ی ئۆكتۆبەری ڕابردوودا گوندەكە لەلایەن میلیشیاكانی حەشدی شەعبییەوە داگیر كرا و بەپێی زانیارییەكان حەشدی شەعبی لەو گوندەدا چەند ماڵێكی هاووڵاتییانی داگیر كردووە و بۆ خۆیان كردوویانە بە بارەگا و كوشتنی ئەو گەنجە و پاشان دانانی تەرمەكەی لە سنووری دەسەڵاتی حەشدی شەعبیدا بووە.
شاری خورماتوو لە 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوو میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بە رێككەوتن لەگەڵ گرووپێكی خیانەتكار داگیریان كرد و ئێستا كوشتن و ڕفاندن بووەتە دیاردە لەو شارە كوردستانییە داگیركراوەدا.
باسنیوز
