16ی ئۆكتۆبەر بە ملیۆنان دۆلار زیانی بە هەرێمی كوردستان گەیاندووە
گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان رای دەگەیەنێت نەكردنەوەی رێگەی نێوان هەولێر كەركووك و زیادكردنی باج لەلایەن ئێرانەوە زیانێكی گەورەیان بە كەرتی گەشتوگوزاریی هەرێمی كوردستان گەیاندووە.
نادر رۆستی، گوتەبێژی دەستەی گشتیی گەشت و گوزار رای گەیاند بەڕێوەبەرایەتییەكانی گەشت و گوزار لەسەرجەم شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان، هەموو كارئاسانییەكی بۆ هاتنی گەشتیاران كردووە.
گوتیشی: "بەهۆی نەكردنەوەی ڕێگەكانی نێوان دهۆك – مووسڵ و هەولێر - كەركووك، هاوكات زیادكردنی باج لەلایەن ئێرانەوە پێدەچێت ژمارەی ئەو گەشتیارانەی لە جەژنی ئەمساڵدا سەردانی هەرێم دەكەن كەمتر بن".
بەپێی ئەو ئامارانەی لای دەستەی گەشتوگوزارن لە ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزانی ساڵی ڕابردوودا 243 هەزار گەشتیار هاتوونەتە هەرێمی كوردستان و لە ماوەی مانەوەیان 73 ملیۆن دۆلاریان خەرج كردووە.
جەژنی رەمەزانی ئەمساڵ لە كاتێكدایە كە بەهۆی ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر و رۆژانی دواییەوە، حكوومەتی عێراق زۆرێك لە رێگەكانی لەگەڵ هەولێر داخستووە، هاوكات كۆماری ئیسلامیی ئێران ئەمساڵ رسووماتی لەسەر ئەو هاووڵاتییانە زیاد كردووە كە دێنە هەرێمی كوردستان.
بەپێی زانیارییەكان هەر هاووڵاتیەكی ئێرانی لە گەشتی یەكەمدا بۆ هەرێمی كوردستان 230 هەزار تمەن، لە گەشتی دووەم 340 هەزار و لە گەشتی سێیەم زیاتر لە چوارسەد هەزار تمەنی لێ وەردەگیرێت، ئەمە جگە لە بڕینی هاوكاریی یارانە بۆ ئەو كەسانەی لە ساڵێكدا زیاتر لە سێ جار دێنە ناو خاكی هەرێمی كوردستانەوە.
bas news-
