ترەمپ: كۆبوونەوەمان لەگەڵ كیم مێژوویی بوو، ھیوادارین ئێران بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ

 	 ترەمپ: كۆبوونەوەمان لەگەڵ كیم مێژوویی بوو، ھیوادارین ئێران بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ
بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ١٢-٦-٢٠١٨ كۆبوونەوە مێژووییەكەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا و كیم جۆنگ ئوون، سەرۆكی كۆریای باكوور، لە سەنگاپوور بەڕێوە چوو، لە كۆنفڕانسێكیشدا سەرۆكی ئەمەریكا ڕایگەیاند، سەرۆك كیم ئامادەیی دەربڕیوە كە ھەموو مووشەكە ئەتۆمییەكانی لەناو ببات.

لە كۆنفڕانسێكی رۆژنامەوانیدا، سەرۆكی ئەمەریكا دۆناڵد ترەمپ، لە بارەی كۆبوونەوە مێژووییەكەی لەگەڵ سەرۆكی كۆریای باكوور، كیم جۆنگ، ڕایگەیاند: "ھەست بە خۆشحاڵی دەكەم، چونكە گفتوگۆی نێوانمان زۆر بە باشی بەڕێوە چوو، پێم وایە سەركەوتنێكی گەورەیە و شانازییە بۆ من. ئێمە پەیوەندییەكی زۆر باشمان دەبێت و بە سەرەتایەكی باشی دەزانم، ھیواخوازم ئەو سەرەتایە ببێتە ھۆی لێكتێگەییشتنی زیاتر و خۆیان بەدوور بگرن لە ھەڵەكانی رابردوو".

ترەمپ، ھەروەھا گرینگترین بابەت لە كۆبوونەوەكەدا بە لەناوبردنی چەكی ئەتۆمی كۆریای باكوور دادەنێت، چونكە لەگەڵ سەرۆك كیم جۆنگ ئوون، واژۆیان لەسەر داماڵینی چەكی ئەتۆمی كردووە، بۆ لەنێوبردنی سەرجەم ناوەندەكانی تاقیكردنەوەی چەكی ئەتۆمی و مووشەكەكان.

سەرۆكی ئەمەریكا لە بەشێكی دیكەی گوتەكانیدا ڕایگەیاند: "چیتر تاقیكردنەوەی چەكی ئەتۆمی لە كۆریای باكوور ئەنجام نادرێت، ھەروەھا ھەر كاتێك زانیمان كۆریای باكوور چەكە ئەتۆمییەكانی لەناو بردووە، ئەوكات ئەمەریكا سزاكانی لادەدات، تا ئێستا كۆریای باكووریش چەند پێگەیەكی چەكی ئەتۆمی لەناو بردووە، ئەمەیش دەبێتە ھۆی ئەوەی لاپەڕەیەكی نوێ لەگەڵ كۆریای باكوور ھەڵبدەینەوە".

سەبارەت بە كۆبوونەوەی داھاتوویان لەگەڵ كیم جۆنگ، دۆناڵد ترەمپ ئاشكرای كرد، جارێكی دیكە لەگەڵ سەرۆكی كۆریای باكوور كۆ دەبێتەوە. "بەڵام ئەم جارە بانگھێشتم كردووە بۆ كۆشكی سپی و ئەویش داواكەی پەسند كردووە، رەنگە منیش لە داھاتوودا سەردانی كۆریای باكوور بكەم".

سەرۆكی ئەمەریكا ئاماژەی بەوەش دا: "سەرۆك كیم، كەسێكی بەتوانا و بەھرەمەندە و كۆریای باكووریش بارمتەكانی ئەمەریكای ئازاد كردووە، بێگومان ئێمەیش وەك ئەمەریكا، مانۆڕە سەربازییەكانمان لەگەڵ كۆریای باشوور ھەڵدەگرین، چونكە ئێمە كۆتاییمان بە ٧٠ ساڵ ناكۆكی ھێنا كە ئەمەیش جێی دڵخۆشیی ھەموو وڵاتانە".

ترەمپ، سەبارەت ئێران ڕایگەیاند: "ھیوادارین ئێران بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ و چەكە ئەتۆمییەكانی لەناو ببات، چونكە ئەمە دەبێتە ھۆی نانەوەی ئاڵۆزی لە ناوچەكەدا، ھەروەھا دۆخی كۆریای باكوور و ئێرانیش زۆر جیاوازە".

لە دوای كۆبوونەوەی نێوانیشیان، كیم جۆنگ ئوون، سەرۆكی كۆریای باكووریش، گوتی: "بە ئاسانی نەگەییشتووینەتە ئەم خاڵەی ئێستا تێیدان، بەربەستی زۆر ھەبوون، بەڵام بەسەر بەربەستەكاندا زاڵ بووین و گەییشتینە ئێرە، چاویشمان لە داھاتووە".

ماوەی زیاتر لە ٧٠ ساڵە ئەمەریكا و كۆریای باكوور ناكۆكن و گرژییان لە نێواندا ھەیە. لە سەردەمی باوك و باپیری كیم و سەرجەم سەرۆكەكانی دیكەی ئەمەریكا، ئەم دوو وڵاتە ناكۆك بوونە و، تا ئێستایش كۆبوونەوەی لووتكەی لەو جۆرە لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا نەكراوە.

kdp-
Top