"داعش داوای پارە لە بەرانبەر ئازادکردنی ئێزدییە ڕفیندراوەکانی عەفرین دەکات"

زیاتر لە ھەموو پێکھاتەیەکی سووریا، کوردانی ئێزدی بوونەتە قوربانی، چونکە جگە لە تۆمەتی کوردبوونیان باجی ئایینیشیان داوە. چالاکێکی کوردی ئێزدی دەڵێ، ٦٥ کوردی ئێزدی لە لایەن داعشەوە ڕفێندراون، لە بەرامبەر ئازادکردنیاندا داوای پارە دەکەن.

لە ڕۆژئاوای کوردستان و شاری عەفرین دووسەت ھەزار کوردی ئێزدی ھەن و تەنیا لە سنووری عەفرین ٢٢ گوندی کوردی ئێزدی ھەن، جگە لەوانەی لە سەنتەری شارەکەدان. لەو بارەیەوە، کاوە عیدۆ، سەرۆکی ڕێکخراوی جڤین بۆ گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دوای ئاڵۆزبوونی ڕەوشی ڕۆژئاوای کوردستان، کوردانی ئێزدی پەراگەندە بوونە و بەشێکیان بوونەتە ئامانجی گرووپە تیرۆریستی و توندڕۆکان، ئەوانەیشی لە سنووری عەفرین نیشتەجێ بوون دەتوانم بڵێم کەسیان لە شوێنی خۆیان نەماون، ژمارەیەک لە خێزانە ئێزدییەکانی عەفرین ئاوارەی شاری ھەولێر و دھۆک بوون، ھەروەھا ژمارەیەکی دیکە ڕوویان لە وڵاتانی تورکیا و لوبنان و ئوردن کردووە و ئەوانی دیکەش دەربازی وڵاتانی یونان و ئۆسترالیا و ئەوروپا بوونە.

لە ساڵی ٢٠١٢ بەدواوە ڕەوشی شاری عەفرین بە یەکجاری ئاڵۆز بووە و ناوچەکە بە ھۆی شەڕی گرووپە جیاوازەکانەوە گۆڕەپاتی شەڕ بووە، سەرۆکی ڕێکخراوی جڤین دەڵێت: "بە ھۆی جیاوازیی نەتەوەیی و ئایینییەوە کوردانی ئێزدی لە عەفرین کراونەتە ئامانج و ناچار کراون ناوچەکە چۆڵ بکەن و ماڵوحاڵی خۆیان بەجێ بێڵن، چونکە بە ھۆی ئەو ھێرشانەوە ژمارەیەک ئێزدی بوونەتە قوربانی و جگە لە کوشتنیان نزیکەی ٦٥ کچ و ژنی ئێزدی کەوتوونەتە دەست داعش، ئێستا لە بەرامبەر ئازادکردنیاندا داعش بۆ ھەر یەکێکیان داوای پێنج ھەزار دۆلاری ئەمریکایی دەکات."

بە ھۆی جیاوازیی ئایینی ھەر لە سەرەتای ھێرشەکانی گرووپی تیرۆریستیی داعشەوە کوردانی ئێزدی ڕووبەڕووی کارەسات و لەنێوبردن بوونەتەوە. ئەو چالاکە کوردە ئێزدییە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "دوژمنانی کوردانی ئێزدی بەوەش نەوەستاون، ٣٥ مەزار و پەرستگەیان خاپوور کردووە و پێنج سەنتەری ڕۆشنبیری، کە لای ئێمە بە ماڵی ئێزدییان ناسراون، تەقێندراونەتەوە، ڕەوشی کوردانی ئێزدی لە ڕۆژئاوای کوردستان و عەفرین زۆر مەترسیدارە و دەکرێ بڵێم ئەوەی لە شنگال بەسەر کوردانی ئێزدی ھاتووە لە عەفرین دووبارە بووەتەوە، ھەرچەندە ئێمە لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لەھەوڵداین تا ئەو کوردە ئێزدییانەی لە عەفرین ڕزگاریان بووە لە دەست ڕێکخراوە ڕادیکاڵ و توندڕۆکان ڕەوانەی وڵاتانی ئەورووپا بکەین، چونکە ھەرچی ھاتووە بۆ عەفرین ھەر کوردانی ئێزدی کردووەتە ئامانج، بۆ نموونە داعش ھاتووە ھەر کارەساتی بەسەر ئێزدییان ھێناوە، سوپای ئازاد و تورکیاش ھاتوونە عەفرین ھەر ئێزدییان کردووەتە ئامانج."

کاوە عیدۆ ڕوونی کردەوە، کە ئێزدی لە ڕۆژئاوای کوردستان نەماون و ھەموویان ئاوارە بوونەتە وڵاتانی ناوچەکە و گوتیشی: "لەبەر ئەوەی بە ھەموو لایەک هەوڵی لەنێوبردنیان دەدرێت، تەنانەت کار گەیشتووەتە ئەوەی ھەموو گوندەکانی ئێزدی لە عەفرین خەڵکی عەرەبیان تێدا نیشتەجێ کراوە، بەو شێوەیە کە سوپای ئازاد بە زۆرەملێ عەرەبەکانی گواستووەتەوە سەر گوندەکانی کوردی ئێزدی بۆ گۆڕینی دیموگرافیای ناوچە کوردنشینەکان."
kdp-
Top