فەرماندەیەکی سەربازیی یەکێتی: گۆڕان دەیەوێ لە دەرەوەی حکوومەت میلیشیا دروست بکات

 فەرماندەیەکی سەربازیی یەکێتی: گۆڕان دەیەوێ لە دەرەوەی حکوومەت میلیشیا دروست بکات
فەرماندەیەکی سەربازیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە توندی وەڵامی سەرکردەیەکی گۆڕانی دایەوە و ئاشکرای کرد کە ئەوان لە کاتێکدا بۆ ململانێی سیاسیی خۆیان داوای هەڵوەشاندنەوەی پێشمەرگە دەکەن کە ”گۆڕان خۆی دەیەوێ هێزی میلیشیایی دروست بکات“.

پاش ئەوەی حاکم شێخ لەتیف، سەرکردە لەنێو گۆڕان، لە چوارچێوەی ئەو وەسفانەی کە گۆڕان بۆ پێشمەرگەی دادەتاشێ و بەرپرسانی پێشمەرگە بە ”سووکایەتی“ دەزانن، ڕای گەیاند کە ”پێشمەرگە نەک هەر دەنگی، بەڵکوو خۆشی دەبێ هەڵبوەشێتەوە“. لیوا ڕێبوار عەلی کەریم، فەرماندەی لیوای یەکی پیادەی ھێزی پێشمەرگە لە یەکەی ٧٠ی هێزی پێشمەرگەی کوردستان کە سەر بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، ڕایگەیاند: ”قسەکانی حاکم شێخ لەتیف، بەرامبەر بە ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، جگە لە قسەی بێ مانا ھیچی دیکە نییە و ھەموو کەسێک دەزانێت، ھێزی پێشمەرگە لەشەڕی تیرۆریستانی داعشدا داستانێکی قارەمانانەی تۆمار کردووە، بەجۆرێک کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی شانازی بەھێزی پێشمەرگەوە کردووە، بەڵام بەداخەوە، ئەوە چەند جارێکە پەرلەمانتارەکانی بزووتنەوەی گۆڕان، سووکایەتی بەھێزی پێشمەرگە دەکەن، وەک پیشەی ھەمیشەیی خۆیان، ھەوڵی ئەوە دەدەن لەشکۆی ھێزی پێشمەرگە کەم بکەنەوە“.


ئەوەشی ئاشکرا کرد: ”بزووتنەوەی گۆڕان لە دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ھەوڵی درووستکردنی ھێزی میلیشیا دەدات، بۆیە پێویستە حاکم شێخ لەتیف، داوا لە حزبەکەی خۆی بکات، ھێزی میلیشیا درووست نەکات، چونکە ھێزی پێشمەرگەی کوردسان، ھێزێکی یاسایی تۆکمەی دوژمن بەزێنە و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پاڵپشتی دەکات، ئەگەر دەیانەوێت ھێزی چەکدار درووست بکەن، پێویستە ئەوانیش بێنە ناو ھێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە، نەوەکو ھەوڵی دامەزراندنی ھێزی میلیشیا بدەن“.

لیوا ڕێبوار عەلی پێیوایە، ئەگەر ھێزی پێشمەرگە نەبووایە، ”حاکم شێخ لەتیف، حاکمی شتێکیتر دەبوو نەوەکو پەرلەمانتاری عێراق، ئەگەر ھێزی پێشمەرگە نەبووایە، لەکوێ کۆلێژی یاسای تەواو دەکرد بۆ ئەوەی ببێتە حاکم؟ بۆیە ئەجێندای ئەو حاکمە و حزبەکەی ھەر گێرەشێوێنی فیتنەنانەوە بووە، ئێستاش بەھۆی شکستەکانی خۆیانەوە فیتنەیەکی گەورەیان لە عێراقدا ناوەتەوە و ناتوانن دەرئەنجامەکانی ھەڵبژاردن قەبوڵ بکەن، ھەروەھا لەمێژووی حزبە کوردستانییەکاندا ھیچ حزبێکی سیاسی زاتی ئەوەی نەبووە سووکایەتی بەھێزی پێشمەرگە بکات، گۆڕان نەبێ“.

فەرماندە سەربازییەکەی یەکێتی گوتیشی: ”ھەموو دونیا باسی خیانەت و جاشایەتیی گۆڕان و ئەو لایەنە سیاسییانە دەکەن، کاتێک لەگەڵ عەرەبی شۆڤێنی و تورکمانەکاندا لەناو ھۆڵی پەرلەمانی عێراق دەستیان لەناو دەستی یەکتری ناوە و داوای ھەڵوەشاندنەوەی دەنگە تایبەتەکانی ھەرێمی کوردستان دەکەن، بۆیە خودی عەرەبەکان ئەو خیانەتەیان بەلاوە سەیرە نەوەکوو هاووڵاتییانی کوردستان“.








باسنیوز
Top