وەزارەتی تەندروستی وەڵامی ڕۆژنامەکەی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق دەداتەوە

 وەزارەتی تەندروستی وەڵامی ڕۆژنامەکەی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق دەداتەوە
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، وەڵامی ھەواڵێکی ڕۆژنامەی (ئەلقەزا)ی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق ڕەت دەکاتەوە و ڕای دەگەیەنێت، نابێ لایەنێکی فەرمی بەبێ بەڵگە قسە بکات.

پاش ئەوەی ڕۆژنامەکەی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق، نەخۆشخانەکانی ھەرێمی کوردستانی بەوە تۆمەتبار کرد کە ئەندامی جەستەی مرۆڤ دەردەھێنن و لە کوردستان بازرگانی بە بەشەکانی جەستەی مرۆڤەوە دەکرێ.

کەمێک لەمەوبەر، د. خاڵس قادر، گوتەبێژی فەرمیی وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: "نابێ لایەنێکی فەرمی بەبێ بەڵگە قسە بکات، چونکە لەو ھەواڵەدا نە بەڵگە، نە ناوی نەخۆشخانە و نە کاتژمێر و ڕۆژی نەشتەرگەری و نە ھیچ ئاماژەیەکی دیاری نەکردووە، ئەو لایەنە ڕۆژنامەنووسێکی ئاسایی نییە تا بە شێوەیەکی گشتی قسە بکات، بۆیە پێویستە شتەکان دیاری بکات".

لەبارەی ئەوەی ئاخۆ وەڵامی وەزارەتی تەندروستی بۆ ئەو ھەواڵە بە فەرمی بۆ ئەو قسانە چییە؟، گوتەبێژەکەی وەزارەتی تەندروستی ڕوونی کردەوە: "ئێمە ئەو شتانە ڕەت دەکەینەوە، چونکە ھیچ شتێک بە نایاسایی ناکرێ، واتە بەپێی ئەو ڕێنماییانەی بۆ نەشتەرگەری دانراوە، نەشتەرگەری دەکرێت، ھەروەھا لێرە نەشتەرگەریی چاندنی گورچیلە دەکرێت، نەک ئەوەی ئەوان قسەی لەسەر دەکەن، چونکە دوو شتی جیاوازە".

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی جەختی لەوە کردەوە کە بازرگانیکردن بە جەستەی مرۆڤ ”بە ھەموو شێوەیەک ڕەت دەکەینەوە“، بۆیە ”ئەگەر شتێکی وا ھەبێ، پێویستە بە بەڵگە و دیکیۆمێنت بخرێتە ڕوو، بۆ ئەوەی بەپێی ئەو بەڵگانە لێپرسینەوە بکەین، پێشتریش قسەی لەو جۆرە کراوە و ئێمە بەدواداچوونمان کردووە، بەڵام دواتر وا دەرنەچووە، بۆیە ئەگەر ھەر شتیکی وا ھەبێت، ئێمە ڕێوشوێنی زۆر توند دەگرینە بەر".

دکتۆر خاڵس قادر ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوان بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە دەکەن، تا بزانن چیە و چۆنە؟. گوتیشی: ”لە ھەمان کاتدا ھەندێ شت دەڵێن کە گوایە بەبێ بەغدا ھەندێ شت دەکرێ، ئەوە ڕوونە کە پێویست ناکات ئێمە ھەر شتێک بکەین، بە بەغدا بڵێین چی دەکەین یان نایکەین؟ چونکە بەپێی ڕێنمایی دەسەڵاتی خۆمان کار دەکەین، قسەی ئێمە بۆ ئەوان ئەوەیە وەک لایەنێکی فەرمی پێویستە دیکۆمێنت بنێرن، دواتر بە شێوەیەکی فەرمی گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت، ئینجا بڵاو بکرێتەوە".










باسنیوز
Top