دوای تێپەڕبوونی ٨ ڕۆژ پەکەکە سێ گەنجەکەی ئازاد کرد
سابیر عەبدوڵا مەحمود، برای عومەر عەبدوڵا مەحموود کە یەکێک بوو لە گەنجە ڕفێندراوەکان،ڕایگەیاند: “ماوەی کاتژمێرێک لەمەوبەر، لەلایەن چەکدارانی پەکەکەوە براکەم و ئەو دوو خزمەی دیکەمان ئازاد کران، بەڵام لەو شوێنەوە ئازاد نەکران کە لێیەوە دەستگیر کرابوون، بەڵکوو لە سنووری زارگەلی لە بناری قەندیل ئازاد کران”.
ڕوونیشی کردەوە کە بە گوتەی برای یەکێک لە ڕفێندراوەکان، هەرچەندە چەکدارانی پەکەکە “بە باشی” هەڵسوکەوتیان لەگەڵ هەرسێ گەنجە دەستگیرکراوەکە کردووە، بەڵام “هەر زوو پێیان گوتراوە کە دەبێ لێکۆڵینەوەی تەواوتان لەگەڵدا بکەین ئەوکات ئازاد دەکرێن. جگە لەوەی لەو چەند ڕۆژەی دەستگیرکراون، نەیان زانیوە لەکوێن و بۆ کوێیان دەبەن و زۆر شوێنیان پێکراوە و پێیان ڕاگەیاندوون کە لەبەر مەترسیی فرۆکە جەنگییەکانی تورکیا شوێنەکەتان دەگۆڕین”.
هەر لەمبارەیەوە عومەر هەینی، بەرپرسی رێکخراوی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شارەدێی وەرتێ، ڕایگەیاند: ” ئێمە چ وەک هاووڵاتییەکی ناوچەکە و چ وەک حزبیش، داوا لە پەکەکە دەکەین، ئەو جۆرە هەڵسوکەوتە لەگەڵ هاووڵاتییانە ناوچەکە نەکەن و ئەوەی بەرامبەر ئەو سێ گەنجە کردیان، بۆ دواجار بێت، چونکە ناکرێت هاووڵاتییان لە ناوچەی خۆیان بەهەر هۆکارێک و بۆ هەر مەبەستێک بێت، بچنە چیاکان و پەکەکە دەستگیریان بکەن”.
ڕوونیشی کردەوە کە چەکدارانی پەکەکە بە پاساوی ئەوەی سەلامەتیی هاووڵاتییان دەپارێزن و نایانەوێ هاووڵاتییان بەر بۆردومان بکەون، ئەم کارە دەکەن، بەڵام “ئەگەر ئەمە ڕاستە، بۆچی ٨ ڕۆژ دەستگیریان دەکەن و لە زیندانەکانیاندا دەیانگێڕن؟”.
جەختیشی لەوە کردەوە کە هەر بەهۆی پەکەکەوە، هاووڵاتییانی دەڤەرەکەیان بە ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆرەوە هاتوچۆ لە ڕێگا سەرەکییەکەی نێوان شارەدێی وەرتێ و شاری ڕانیەدا دەکەن.
باسنیوز
