عێراق داوای سێ دادوەر لە ئەنجومەنی دادوەریی کوردستان دەکات
بەپێی بەیاننامەیەکی ئەنجومەنی دادوەریی عێراق، ئەنجومەنەکە 27 دادوەر لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ سەرپەرشتیکردنی پرۆسەی ژماردنەوەی دەنگەکان بەدەست، دیاری دەکات.
هەروەک لە بەیاننامەکەدا هاتووە، ئەنجومەنەکە داوای لە ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان کردووە سێ دادوەر بۆ سەرپەرشتیکردنی نووسینگەکانی ژماردنەوەی دەنگەکان بەدەست لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک دیاری بکات.
رۆژی 6/6/2018، پەرلەمانی عێراق کۆ بووەوە و یاسای هەڵبژاردنی هەموار کردەوە و بڕیاری دا دەنگەکانی عێراق بەدەست هەژمار بکرێنەوە.
لە دانیشتنەکەدا، پەرلەمانتارانی گۆڕان پێشنیازی رەتکردنەوە و هەژمارنەکردنی دەنگی تایبەت (دەنگی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان)یان لە هەرێمی کوردستان کرد و پەرلەمانیش کردییە یاسا.
رۆژی شەممە 12/5/2018 پرۆسەی دەنگدانی گشتی لە هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق لەو وڵاتە و هەرێمی کوردستان ئەنجام درا.
دوای راگەیاندنی ئەنجامەکان، بەشێک لە لایەنە سیاسییە عێراقی و کوردستانییەکان ئەنجامەکانیان رەت کردەوە و رایانگەیاند، کە ساختەکارییەکی زۆر لە ژماردنی دەنگەکان بەشێوازی ئەلیکترۆنی کراوە و داوایان کرد دەنگەکان بە دەست هەژمار بکرێنەوە.
باسنیوز
