خەسرۆ گۆران: لە دادگای فیدراڵی سكاڵامان تۆمار كردووە.. سووتاندنی سندووقەكان ئاماژەیەكی مەترسیدارە
دوای دەرچوونی بڕیارەكانی پەرلەمانی عێراق لەبارەی ھەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی تایبەت و دەرەوە و ئاوارەكان، پارتی دیموكراتی كوردستان بە تووندی ناڕەزایەتی خۆی لەبارەی ئەو بڕیارانەی پەرلەمانەوە نیشان دا و داوای كرد پێداچوونەوە بەو بڕیارانەدا بكرێت، شارەزایانی یاسایی و دەستوورییش پێیان وایە، ئەو بڕیارەی پەرلەمان پێچەوانەی یاسا و دەستووری عێراقە.
خەسرۆ گۆران، بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "دوای ئەوەی پەرلەمانی عێراق بڕیاری ھەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی تایبەت و ئاوارەكان و دەرەوەی دەركرد، ئێمە وەك پارتی دیموكراتی كوردستان لە دادگای فیدراڵی سكاڵامان تۆمار كردووە و، بەو بڕیارە ڕازی نابین كە پەرلەمان داویەتی، چونكە مافی پەرلەمان نییە دەنگی خەڵك ھەڵوەشێنێتەوە".
گۆران گوتیشی: "جارێ نازانین ئەنجامی سكاڵای ئێمە لە دادگای فیدراڵی چی دەبێت و، چاوەڕێی بڕیاری دادگا دەكەین".
لەبارەی سووتاندنی كۆگای سندووقەكانی دەنگدان لە بەغدا، ئەو بەرپرسەی پارتی گوتی: "سووتاندنی سندووقەكانی دەنگدان ئاماژەیەكی زۆر مەترسیدارە و، پێویستە رێگری لێ بكرێت و لە ھەرێمی كوردستان قەت رێگە بە كاری لەوشێوەیە نادرێت، بەڵام ناتوانین لە ئێستاوە بڕیار بدەین كە ئەو كارەی كراوە بە ئەنقەست بووە یاخود نا، چونكە پێویستە چاوەڕێی لێكۆڵینەوەكان بكەین".
هەر پێوەست بەو پرسە، سەرۆكی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق، موحسن سەعدوون، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "راستە كە پارتی دیموكراتی كوردستان بە فەرمی سكاڵای لە دادگای فیدراڵی تۆمار كردووە لەسەر ئەوەی دەستەڵاتی پەرلەمان نییە دەنگی خەڵك ھەڵوەشێنێتەوە، چونكە كاری پەرلەمان تەنیا ئەوەیە كە دەتوانێ یاسا ھەموار بكاتەوە و یاسا دەربكات و چاودێری بكات، نەك ئەنجامی ھەڵبژاردن ھەڵوەشێنێتەوە".
سەعدوون هەروەها باسی لەوەش كرد: "پێویستە دادگای فیدراڵی بڕیارێك بدات و سكاڵاكەیش لە بەرژەوەندیی ئێمە یەكلا ببێتەوە، چونكە پەرلەمان كارێكی كردووە كە لە دەستەڵاتی خۆی بەدەرە و مافی ئەوان نییە ئەو بڕیارە بدەن و ھەڵبژاردن ھەڵوەشێننەوە".
kdp-
