مامۆستایانی زانكۆ: کاتی یەکڕیزییە

مامۆستایانی زانكۆ: کاتی یەکڕیزییە
مامۆستایانی زانكۆ لە سۆران دەڵێن، یەكڕیزیی كورد لە بەغدا زۆر پێویستە، چونكە بە یەكڕیزی دەتوانن بەرگری لە مافە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان بكەن، كە بێگومان ئەمەیش خزمەت بە ئامانجە نەتەوەییەكان دەكات.



دۆخی ئێستا وا دەخوازێت، لایەنە كوردستانییەكان ناكۆكییەكانیان وەلاوە بنێن و كار بۆ یەكگرتوویی كورد لە بەغدا بكەن، بۆ ئەوەی پارێزگاری لە دەستكەوتەكان بكەن و بتوانن دەستكەوتی زیاتریش بۆ گەلی كورد بە دەست بهێنن.



د. ڕەحیم سادق، مامۆستای زانكۆ لە سۆران، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "یەكڕیزیی كورد لە بەغدا زۆر پێویستە، چونكە بە یەكڕیزی دەتوانن بەرگری لە مافە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان بكەن، تاكە ئامانجی گەلی كوردیش بۆ بەدیهێنانی هەموو مافە نەتەوایەتییەكانی خۆی، یەكڕیزیی لایەنە كوردستانییەكانە".



سادق گوتیشی: "دەبێ كورد ئەمجارە لە بەغدا هەوڵ بدات بڕگە بە بڕگە و ماددە بە ماددەی دەستووری عێراق ئەوەی لە بەرژەوەندیی گەلی كوردستاندا بێت، جێبەجێ بكرێت".



كەمال كەریم، كە مامۆستای پەیمانگای سۆرانە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان روونی كردەوە: "دەبێ لایەنە كوردستانییەكان لە ‌بەغدا هەوڵی یەكڕیزیی نێوماڵی كورد بدەن و كار بكەن بۆ لێكتێگەییشتن لە نێوان لایەنە عێراقی و كوردستانییەكاندا، بۆ ئەوەی بزانن ئەوەی لە دەستووری عێراقدا هاتووە، مافی گەلی كوردە و دەبێ بێتە جێبەجێكردن، لەگەڵ ئەوەی ئەو عەقڵییەتە شۆڤێنییەی تا ئێستا بە نەفەسی پێشوو دژی كورد كار دەكات، دەبێ گۆڕانكاری بەسەر بیر و هزریاندا بێت و بگەنە ئەو ڕاستییەی كە گەلی كورد زوڵمی لێ كراوە و مافی خۆیەتی قەوارەی سیاسیی خۆی هەبێت".



ئەو مامۆستایە، هەروەها دەشڵێ: "زیاتر لە 55 ماددەی دەستووری لەلایەن بەغداوە بەرانبەر هەرێمی كوردستان پێشێل كراون، بۆیە یەكێك لە ئەركەكانی ئەندامانی كورد، دەبێ كاركردن بێت بۆ جێبەجێكردنی ئەو ماددە دەستووریانە و دابینكردنی بەشەبودجەی خەڵك و هێزی پێشمەرگە، چونكە ئەمانە مافی خەڵكی كوردستانن و پێویستە كاریان بۆ بكەن لە بەغدا، نەك دژی یەكدی بوەستنەوە و كێشە ناوخۆییەكان بۆ بەغدا بگوازنەوە، چونكە ئەگەر كورد لە بەغدا یەك نەبوو، ئەوەی بە دەستی هێناوە، ئەویش لە دەست دەدات".
kdp-
Top