شنگالییەکان دەڵێن ناگەڕێینەوە تا شنگال نەگەڕێنینەوە

 	 شنگالییەکان دەڵێن ناگەڕێینەوە تا شنگال نەگەڕێنینەوە
دوای ڕزگارکردنی شنگال لە بندەستی داعش، بەشێکی خەڵکی شنگال نەگەڕانەوە شارەکەیان، چونکە حەشدی شەعبی دەستی بەسەر شارەکەدا گرتووە و شنگالییەکانیش دەڵێن ناگەڕینەوە شارەکەیان بەڵکو شارەکەیان دەگەڕێننەوە باوەشی خۆیان و لە دەستی ناحەزان ڕزگاری دەکەن.

دوای خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر لە کەرکووک، حەشدی شەعبی دەستیان بەسەر ناوچەیەکی دیکەشدا گرت و ڕۆژانە چەندین پێشێلکاریش لە ناوچەکەدا دەکەن، لەم بارەیەوە، سەرۆکی ئەنجومەنی قەزای شنگال دەڵێت، خەڵک ناتوانن بگەڕێنەوە شنگال حەشدی شەعبی هەموو جۆرە پێشێلکارییەک دژی خەڵک دەکات.

وەیس نایف، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "ئەگەر خەڵک ژێر دەسەڵاتی حەشدی شەعبییام پێ خۆش بوایە لە کەمپەکاندا نەدەمانەوە، بەڵام بڕوایان بەو هێزە نییە، چونکە دەزانن ئەو هێزە بۆ مەرامی تایبەتی خۆیان هاتوونەتە شنگال."

حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵێک دەدات، کە شنگال لە دەست هێزە نایاساییەکان دەربهێنێت و بیداتەوە دەست شنگالییەکان بۆ ئەوەی ئاوەدان بکرێتەوە.

لەو بارەیەشەوە، قادر قاچاخ، بەرپرسی لقی شنگالی پارتی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "لە شنگال حەشدی شەعبی دەستی بە سەر هەموو جومگەکاندا گرتووە و خەڵک بڕوایان پێی نییە، چونکە ئەوان خۆیان بە تەنیا دەبینن و هیچ هێزیکی دیکەش قبووڵ ناکەن."

قادر قاچاخ دەشڵێ: "ئەو هێزە خۆسەپێنە و خەڵک دەترسێن بگەڕێنەوە شنگال، چونکە حەشدی شەعبی ڕۆژانە بەدەیان پێشێلکاری بەرامبەریان دەکات.

دەخیل حەمۆ، هاووڵاتییەکی خەڵکی شنگال، کە ئێستا لە کەمپی ئێسیانی قەزای شێخان نیشتەجێیە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "نامانەوێت بگەڕێینەوە ژێر دەسەڵاتی هێزێک کە بۆ ئەجێندای خۆیان هاتوونەتە شنگال و لەو ڕۆژەوە ئەوان هاتوونە شنگال، خەڵکی شنگال خێریان بە خۆیانەوە نەدیوە."

دەخیل حەمۆ گوتیشی: "دیارە خەڵکی شنگال ئەوانەیان نایەوێت، چونکە خەڵک بڕیاریان دا ژیانی ئاوارەیی کەمپەکان هەڵبژێرن و نەگەڕێنەوە ژیر دەسەڵاتی ئەو هێزە، ئێمە دەمانەوێت شنگال بگەرێنینەوە دەست شنگالییەکان."

سەرۆک بارزانی لە کۆبوونەوەی لەگەل ئێزدییەکاندا هەردەم جەختی لە ئاوەدانکردنەوەی شنگال و گەڕاندنەوەی ئەو کچ و ژنانە کردووەتەوە کە لە دەستی داعشدان و دەشڵێت: هەرگیز ئەو ناخۆشییەی بەسەر شنگالدا هاتووە، لەبیر ناکریت.
kdp-
Top