زانکۆیەکى چیکى 30 هەڵی خوێندن پێشکەش بەهەرێمى کوردستان کرد
ئەمڕۆ دووشەممە 11\6\2018، لە راگەیاندراوێکی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، تێدا هاتووە، کە لە دیدارێکدا د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەگەڵ وەفدێکى زانکۆى پالسکى بەسەرۆکایەتى (پ. د.میللەر) گفتوگۆیان لەبارەى گەشەپێدان و فراوانکردنى پەیوەندى زانستى و ئەکادیمى نێوان هەرێمى کوردستان و وڵاتى چیک کرد.
لەو راگەیاندراوەدا، ئەوەش خراوەتەڕوو، کە لەو دیدارەدا، سەرۆکى زانکۆى پالسکى چیکى دواى ئەوەى بەگرنگییەوە باسى لە گرنگى هەماهەنگى و ئاڵوگۆڕى مامۆستا، قوتابی و توێژینەوەى هاوبەش بەتایبەت لە بوارى پزیشکى و ئارکیۆلۆژى کرا، بۆ ئەوەش سەرۆکى زانکۆکە 30 کورسى خوێندن وەک سکۆلەرشیپ بۆ خوێندنى بەکالۆریۆس پێشکەش بەوەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرد، کە 20 کورسیان تایبەت دەبێت بە پزیشکى گشتى و 10 کورسییەکەى دیکەش بۆ پزیشکى ددان دەبێت.
ئەوەش روون کراوەتەوە، کە لەبەرامبەردا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، دواى بەخێرهێنانى وەفدى میوان سوپاسیکردن بۆ پێشکەشکردنى ئەو ژمارە کورسییەى خوێندن، بەخوازیارانى هەرێمى کوردستان، پێشى ڕاگەیاندوون، کە لە هەڵبژاردنى کاندیدەکاندا پڕۆسەیەکى شەفاف و ورد ڕەچاو دەکەین، لەهەمان کاتدا بنەماکانى ڕەخساندنى دەرفەتى یەکسان و دادپەروەرى کۆمەڵایەتى دەکەینە نەخشە ڕێگەى دەستنیشانکردنى کاندیدەکان.
باسنيوز
