کۆمسیۆن: هیچ دەنگێکی کوردستان لە ئاگرەکەی بەغدا نەسووتاوە
رۆژی دووشەممە 11/6/2018، عەلی قادر، سەرۆکی ئۆفیسی هەولێری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە (کوردستان 24 )ی راگەیاند، سندووقەکانی دەنگدەرانی کوردستان سەلامەتن و نە سووتاون، ”لە سەنتەرێکی پێشانگای نێودەوڵەتیی بەغدا هەڵگیراون“.
عەلی قادر هەروەها رایگەیاند، هیچ سندووقێکی دەنگدانی هەرێمی کوردستان لە کۆگای وەزارەتی بازرگانی نەبوو، کە ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 10/6/2018 سووتان، ”پێم وانییە دەنگێکی زۆر سووتابێ“.
سەرۆکی ئۆفیسی هەولێری کۆمسیۆن بە ئاماژەکردن بەوەی، سندووقەکانی دەنگدانی کوردستان یەکلایی بوونەتەوە و هیچ کێشەیەکیان نەماوە و لە هەولێر هەڵبژاردن بە پاک و بێگەردی ئەنجام درا، رایگەیاند، ئۆفیسی هەولێر ئامادەیە بۆ بە دەست ژماردنەوەی دەنگەکان لە شوێنی تایبەتی کۆمیسۆن، ئەگەر بڕیاری ژماردنەوەی دەنگەکان بە دەست بکەوێتە بواری جێبەجێ کرد.
رۆژی یەکشەممە ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق رایگەیاند، کە 27 دادوەر بۆ سەرپەرشتیکردنی ژماردنەوەی دەنگەکان بە دەست دیاری کراون، کە 18یان بۆ پارێزگاکان دیاری کراون، بەڵام عەلی قادر رەتی کردەوە هیچ دادوەرێک گەیشتبێتە هەولێر.
سەرۆکی ئۆفیسی هەولێری کۆمسیۆن جەختی لەوە کردەوە، کە ئەگەر بڕیاری بە دەست ژماردنەوەی دەنگەکان چووە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەوا هەمان کارمەندی بنکەکانی دەنگدان پرۆسەی ژماردنەوەی دەنگەکان بە دەست، ئەنجام دەدەن.
عەلی قادر بڕیاری رەتکردنەوەی دەنگدانی تایبەت (دەنگی پێشمەرگە و هیزە ئەمنییەکان) لە کوردستان، کە پەرلەمانی عێراق دەری کرد، بە نایاسایی دانا و رایگەیاند، ”هیچ یاسایەک نییە پرۆسەیەکی دەنگدان بە گشتی یاخود بە کۆمەل رەت بکاتەوە“.
ئەو بەرپرسەی کۆمسیۆن جەختی لەوەش کردەوە، کە کۆمسیۆن بەپێی یاسا سندووق سندووق دەژمێرێ و ئەگەر کێشەیەک یان ساختەکارییەک هەبوو، ئەوا سندووقێک بە تەواوی رەت دەکاتەوە نەک پرۆسەیەکی دەنگدان بە گشتی.
ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 10/6/2018، هەموو سندووقەکانی دەنگدان، کە پڕ بوون لە دەنگی هاووڵاتییان و بڕیاربوو بە دەست هەژمار بکرێنەوە، لە کۆگاکانی وەزارەتی بازرگانیی عێراق لە بەغدا، لە رووداوێکی تەمومژاویدا سووتان.
چاودێران پێیان وایە بە سووتاندنی ئەو کۆگایە، ناکۆکییە ناوخۆییەکانی عێراق قووڵتر دەبنەوە و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتیش تا کاتێکی نادیار دوا دەکەوێت و بەشێک لە سیاسەتمەدارانیش باس لە ئەگەری دروستبوونی شەڕی ناوخۆیی لە عێراق دەکەن.
رۆژی شەممە 12/5/2018 پرۆسەی دەنگدانی گشتی لە هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق لەو وڵاتە و هەرێمی کوردستان ئەنجام درا.
دوای راگەیاندنی ئەنجامەکان، بەشێک لە لایەنە سیاسییە عێراقی و کوردستانییەکان ئەنجامەکانیان رەت کردەوە و رایانگەیاند، کە ساختەکارییەکی زۆر لە ژماردنی دەنگەکان بەشێوازی ئەلیکترۆنی کراوە و داوایان کرد دەنگەکان بە دەست هەژمار بکرێنەوە.
باسنيوز
