"پەرلەمانی عێراق ناتوانێ تەمەنی خۆی درێژ بکاتەوە"
بە گوێرەی دەستووری عێراق ئەم خولەی پەرلەمانی عێراق تەنیا بیست ڕۆژی ماوە و دواتر عێراق دەکەوێتە بۆشاییی یاساییەوە، ئێستا باس لەوە دەکرێت باشترین چارەسەر بۆ دەربازبوون لەو مەترسییە درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانە. لەو بارەیەوە، دکتۆر عەرەفات کەرەم، سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پەرلەمان ناتوانێ تەمەنی خۆی درێژ بکاتەوە، چونکە پێچەوانەی دەستوورە، تەنیا بە مەرجی ھەموارکردنەوەی ئەو بڕگەیەی دەستوور دەبێت کە تەمەنی پەرلەمانی دیاری کردووە، لەبەر ئەوەش، پێویستە لیژنەی یاسایی، پڕۆژەیەک ئامادە بکات بۆ ھەمواری بڕگەی دەستوور، ئەوەش زۆر دەخایەنێت، ھەمواری دەستووریش دەبێ ڕاپرسی بکرێت و ھەندێک ڕێکاری پێویستە، ڕێگەی دووەمیش ئەوەیە داوا لە دادگای دەستووری بکرێت عێراق لەو مەترسییە ڕزگار بکات."
ئەگەر عێراق بە گوێرەی دەستوور بەڕێوە ببرێت، ئەوە تەمەنی پەرلەمان درێژ ناکرێتەوە و عێراق دەکەوێتە مەترسیی بوشاییی یاساییەوە، وەک فەرھاد قادر، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بۆ دەکات، دەقی دەستووری لەبارەی درێژکردنەوەی ماوەی پەرلەمان ڕوونە و بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دەستووری عێراق ماوەی خولی پەرلەمانی بۆ چوار ساڵ دیاری کردووە و دەقی دەستووری لەبارەی درێژکردنەوەی ماوەی پەرلەمان ڕوونە، لەبەر ئەوە لە ڕووی یاسا و دەستوورەوە بە ھیچ شێوەیەک ماوەی پەرلەمان درێژ ناکرێتەوە، مەگەر دادگای فیدڕاڵ بڕیارێک دەربکات و وەک حاڵەتێکی زەروور و فریاکەوتن تا عێراق نەکەوێتە بوشاییی یاسایی و ماوەی پەرلەمان درێژ بکاتەوە."
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی باس لە مەترسییەکانی دوای کۆتاییھاتنی تەمەنی پەرلەمانی عێراق دەکات و دەڵێت: "نابێ بۆشایی دروست بێت و دەبێ پێشتر بگەنە چارەسەرێک، بەڵام لە ئەگەری چارەسەرنەکردنی ئەو بابەتە ئەوکات عێراق دەکەوێەت مەترسییەکی گەورەوە و قابیلی ھەموو گۆڕانکارییەکە، لەوانەیە کۆدەتا بکرێت، یان شەڕی نێوخۆیی ڕوو بدات."
پەیوەست بەوەی ھیچ چارەسەرێک دەکرێت بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان و دەربازکردنی عێراق لە بۆشاییی یاسایی، دکتۆر عەرەفات کەرەم ڕوونی کردەوە: "پێم وایە چارەسەرێک دەبیننەوە، ناکرێت عێراق بکەوێتە بەر مەترسیی گەورەی یاسایی، چونکە بە کۆتاییھاتنی وادەی پەرلەمان حکوومەت و یاساش سڕ دەبن و ماوەیان بەسەر دەچێت."
بە ھۆی بڕیارەکانی پەرلەمانی عێراق پێ دەچێت پرسی یەکلاکردنەوەی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان و پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق زۆر بخایەنێت. فەرھاد قادر دەڵێت: "ڕۆژی ٣٠ی ئەم مانگە وادەی یاساییی پەرلەمانی عێراق کۆتایی دێت، ئەگەر ئەو ھەموارەی یاسای ھەڵبژاردنەکانیش بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بێگومان پەرلەمانی نوێ لە وادەی یاساییی خۆی دەست بەکار نابێت و حکوومەتی نوێش پێک نایەت، لەبەر ئەوەی ئاستەنگی زۆری لەپێشە، ھەموو لایەکیش دەزانن دروستبوونی بۆشاییی یاسایی مەترسییەکی گەورەیە و پێویستە چارەسەرێکی بەپەلەی بۆ بدوزرێتەوە."
kdp-
