ڕێباز بێرکۆتی: کۆسرەت ڕەسووڵ لە ڕیفراندۆم پەشیمان نییە
سەرەڕای هەوڵەکانی باڵێکی نێو یەکێتی بۆ بێبەریکردنی یەکێتی لە بەشداریکردن لە بڕیاردان لەبارەی ڕیفراندۆم، ڕێباز بێرکۆتی، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر ڕايگەیاند: ”لە ڕیفراندۆم و ھیچ شتێک لەو شتانەی کە پرسی نیشتمانی و نەتەوەیین لە ھەرێمی کوردستان، نەمبیستووە کە کۆسرەت ڕەسووڵ کەمترین وشەی بۆ پاشەکشە لەم بەشدارییە گوتبێ. لەگەڵ ئەوەشدا بۆ بابەتە نیشتمانی و نەتەوەییەکان کۆسرەت ڕەسووڵ ھەر بڕیار و بۆچوونێکی دابێت، ئەوا خاوەنی بۆچوون و بڕیاری تایبەتی خۆیەتی و نەمبیستووە ھیچ شتێک لەو بارەیەوە باس کرابێت، بۆیە ئەوانەی لەدەرەوەی دەزگاکانی یەکێتیش قسە دەکەن، ئەوە بۆچوونی یەکێتی نییە و بۆچوونی تایبەتیی خۆیانە“.
ڕێباز بێرکۆتی لە بارەی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆمەوە ئاماژەی بەوە کرد: ”ئەو کۆمیتەیە کۆمیتەیەکی فەرمی بووە و تەعبیر بووە لە بۆچوون و سەرنجی ھەموو ئەو حزبانەی بەشدارییان تێدا کردووە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش ڕۆڵێکی کاریگەر و گرنگی لەم بابەتە ھەبووە، لەگەڵ ئەوەشدا ھیچ کاتێک لەفەرمی نەمبیستووە کە یەکێتی لەم پرسە نیشتمانییە پەشیمان بووبێتەوە“.
لەبارەی ئەوەی کە ئاخۆ چ قازانجێک لەوەدا هەیە یەکێتی لە شانازییەکانی ڕیفراندۆم بێبەری بکرێت، ئەو سەرکردەیەی یەکێتی دووپاتی کردەوە: ”ئەوە ڕاکردن لە بەرپرسیارێتی دەگەیەنێت، ئەگەر نا ئەوە بابەتێکە کە یەکێتی لە بەرنامە و بنەما سەرەکییەکانی خۆیدا لە مافی چارەی خۆ نووسین ھەیبووە و دڵنیاشت دەکەمەوە کە ھیچ پەشیمانییەک لەسەر ئەم بابەتە بەفەرمی لەلایەن یەکێتییەوە نەبووە“.
باسنيوز
