په‌یامی سه‌روک بارزانی له ساڵیادی کا‌ره‌ساتی ئوردوگای زێوه

 	 په‌یامی سه‌روک بارزانی له ساڵیادی کا‌ره‌ساتی ئوردوگای زێوه
سەرۆک بارزانی لە پەیامیدا بۆ ساڵیادی کا‌ره‌ساتی ئوردوگای زێوه ریاگەیاند، كارەساتی زێوە وانەیەك بوو بۆ هەموومان و دۆستەكانمان، قارەمانێكی وەك دایكە ئامینا كە جەرگسووتاو بوو و پارچە گۆشتی منداڵەكانی كۆ دەكردەوە، سەربەرزانە ئەو وانەیەی دا كە ئەگەر دوژمن لەتلەتیشمان بكات بەڵام هەرگیز خۆ ناچەمێنین و لە فەرهەنگی خەباتی گەلی كوردستاندا خۆبەدەستەوەدان نییە.

دەقی پەیامی سەرۆک بارزانی له ساڵیادی کا‌ره‌ساتی ئوردوگای زێوه


بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
لە ٩ـی حوزەیرانی ١٩٨٥ـدا ڕژێمی بەعس زۆر دڕندانە ئۆردۆگای ئاوارەكانی زێوەی بوردومان كرد و ژمارەیەكی زۆری ژن و منداڵ و خەڵكی بێتاوان شەهید و بریندار بوون.

سەرباری ئەو كارەساتە گەورەیەی كە لەو ڕۆژەدا بەسەر میللەتەكەماندا هات بەڵام ئەوە ڕۆژێكی گرنگ و پڕ لە وانەیە لە مێژووی خۆڕاگری و قوربانیدانی گەلەكەماندا.

كارەساتی زێوە وانەیەك بوو بۆ هەموومان و دۆستەكانمان، قارەمانێكی وەك دایكە ئامینا كە جەرگسووتاو بوو و پارچە گۆشتی منداڵەكانی كۆ دەكردەوە، سەربەرزانە ئەو وانەیەی دا كە ئەگەر دوژمن لەتلەتیشمان بكات بەڵام هەرگیز خۆ ناچەمێنین و لە فەرهەنگی خەباتی گەلی كوردستاندا خۆبەدەستەوەدان نییە. ئەوە ڕێگەی ئازادیخوازیی میللەتێكی مەزلوومە، ئازادی باجی دەوێ و دەبێ قوربانی بدەین و نائومێد نەبین و بەردەوام بین و تەسلیم نەبین.

كارەساتی زێوە وانە بوو بۆ دوژمنیش كە چەندە زاڵم و دڕندە بێ بەڵام ناتوانێ ئیرادەی گەلەكەمان بشكێنێت و ئەوە سەركەوتنی ڕاستەقینەی میللەتەكەمانە بەسەر دوژمنی بێ ویژدان.

لە یادی ئەو كارەساتەدا پارچە گۆشت و جەستەی پیرۆزی لەتلەتكراوی منداڵانی زێوە هەرگیز لەبیر ناكەین و چرای خەبات و كۆڵنەدانی ئێمەن.

سڵاو لە شەهیدانی زێوە و شەهیدانی ڕێگەی ئازادی، سڵاو بۆ خۆڕاگری و قارەمانێتی دایكە ئامینا و هەموو خانەوادە و دایكە شەهیدانی كوردستان.
kdp -
Top