پسپۆڕێكی زانستە سیاسییەكان: عێراق بەرگەی ئەو ھەموو كێشە و ململانێیە ناگرێت
لایەنەكان سەرقاڵی دانوستان بوون تا حكوومەتی نوێی پێك بێت، بەڵام پەرلەمان ریسەكەیانی كردەوە بە خوری. وەك پسپۆڕێكی سیاسییش ئاماژەی بۆ دەكات، ئەگەری شەڕ ھەیە لە نێوان گرووپە چەكدارەكانی عێراق، ئەگەر گۆڕانكاری بەسەر ئەنجامی ھەڵبژاردنەكانی ١٢ی ئایاری رابردوودا بێت.
دكتۆر سەباح سوبحی، پسپۆڕی زانستە سیاسییەكان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بڕیارەكانی چەند رۆژی رابردووی پەرلەمانی عێراق، دەلالەتە لەوەی ھێشتا دیموكراسییەت لە عێراقدا زۆری ماوە بكەوێتە سەر سكە، بڕیاردانیش لە ئەنجامی ھەڵبژاردنەكانی مانگی رابردوو، كێشەی زۆر دەنێتەوە، ھەتا ئەگەری ئەوە ھەیە لە ناوچەكانی باشوور شەڕێكی بچووكی سنووردار لە نێوان گرووپە چەكدارەكاندا روو بدات، چونكە ئەو گرووپانە ھەموویان چەكداری خۆیان ھەن و ئەگەری پێكدادان ھەیە لە نێوان ھێزە سەربازییەكان ئەگەر دەستكاریی ئەنجامەكانی ھەڵبژاردنی ١٢ی ئایاری رابردوو بكرێت، لەبەر ئەوە پێم وایە چوونی ئەنجوومەنی دادوەری بۆ نێو كۆمسیۆن، پڕۆسەیەكی رێكخراو بوو، چونكە ئەگەر نموونە لە ھەندێ ناوچە وەرگیرابا بەوەی دەنگەكان بەدەست ھەژمار بكرێن، ئەوە تا رادەیەك ئاسایی بوو، بەڵام سڕكردنی كۆی گشتیی ئەنجامەكان، كێشەی زۆر دروست دەكات و مەترسیی ھەیە".
بەپێی یاسای پێشووی ھەڵبژاردنەكانی عێراق، رێوشوێنەكانی تانەدان لە ئەنجامی ھەڵبژاردنەكان دیاری كراون، بەڵام پەرلەمانی عێراق بازی دا بەسەر ئەو رێوشوێنە یاساییانە و یاسای ھەڵبژاردنەكانی ھەموار كردەوە، ئەو پسپۆڕەی زانستە سیاسییەكانیش ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "وەرگرتنەوەی متمانە لە كۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەكان، خۆی لەخۆیدا وەرگرتنەوەی متمانەیە لە پەرلەمان و یاسا، ھەمواركەی پەرلەمان بۆ یاسای ھەڵبژاردنەكان پێچەوانەی دەستووری عێراقە، لە یاسای پێشتری ھەڵبژاردنەكاندا دیاری كراوە كە ئەگەر ھەر كێشەیەك روو بدات لە ئەنجامی ھەڵبژاردنەكان و لە دەستەی دادوەری چارەسەری نەبوو، ئەوا رەوانەی دادگای باڵای فیدڕاڵی دەكرێت و لەوێ تانەكان یەكلا دەكرێنەوە".
عێراقێكی پڕ لە ئاریشە و قەیران، بەشی خۆی كێشەی ھەبوو، بەڵام كێشەی دیكەی بۆ زیاد كران، وەك دكتۆر سەباح سوبحییش روونی كردەوە: "وڵاتی عێراق خۆی رەوشێكی ئاڵۆزی ھەیە، بە ھۆی ئەو بڕیارانەیشەوە زیاتر رەوشەكە ئاڵۆز دەبێت و عێراق ناتوانێ بەرگەی ئەو ھەموو كێشە و ململانێیە بگرێت".
دەشڵێت: "وڵاتێكی دەرەكی سنوورێك بۆ كێشەكانی ئێستای عێراق دانەنێت، دەكەوێتە كێشەیەكی زۆر مەترسیدارەوە، ئێمە ئومێدی ئەوەمان ھەبوو دانوستانەكانی پێكھێنانی حكوومەتی نوێ كەم بخایەنێت و نەك وەك پێشتر پێكھێنانی حكوومەت 10 مانگ درێژە نەكێشێت، بەڵام نەمانی یاسا و پەرلەمان و متمانە كێشەیەكی گەورەیە بۆ عێراق و پاشەڕۆژی ئەو وڵاتە، كە پێم وابێت پەرلەمان هۆكاری سەرەكییە بۆ كێشەكان و عێراقی خستە قەیرانێكی دیكەی پڕمەترسییەوە".
kdp -
