یاساناس و مامۆستایانی زانكۆ: بڕیارەكانی پەرلەمانی عێراق سیاسین
لەبارەی بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی دەنگی تایبەتی هەرێمی كوردستان و ئاوارەكانی تەواوی عێراق و دەنگی تاراوگە، میران حوسێن، مامۆستای زانكۆ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "پەرلەمانی ئێستا شەرعییەتی هەڵوەشاندنەوە و دەستكاریكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی نییە، چونكە هەڵبژاردنی نوێ ئەنجام دراوە و دەبێت ڕێز لە دەنگی هاووڵاتیان بگیرێت، وەكوو بنەما دووبارە جیاكردنەوەی دەنگەكان بە دەست، كارێكی ئاساییە، بەڵام هەڵوەشاندنەوەی دەنگی تایبەتی هەرێمی كوردستان و تاراوگە و ئاوارەكان، كارێكی زۆر خراپە و كاریگەریی لەسەر متمانەبوون بە پرۆسەی هەڵبژاردن دەبێت و ڕێزنەگرتنیشە لە دەنگی دەنگدەران، بۆیە ئەو بڕیارەی پەرلەمان نایاساییە".
بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراق لەسەر ئاستی كوتلە براوەكانی عێراقدا كاردانەوەی گەورەی بە دوای خۆیدا هێناوە، كە پەرلەمان نەیتوانیوە سەربەخۆیی خۆی لە بڕیارەكانیدا بپارێزێت و بڕیاری هاوسەنگ بدات، وەك میران حوسێنیش دهڵێ "ئەگەرێكی بەهێز هەیە ئەنجامانی بڕیارەكانی پەرلەمانی عێراق، لە جیاتی چارەكردنی كێشەكان، كێشەیەكی قووڵ لە نێوان لایەنەكاندا دروست بكات، بە تایبەتی ئەو لایەنانەی كە دەنگیان كەم دەكات و هەندێك ناوچەی فرەنەتەوە و ئایینەكانیش لە عێراقدا وەكوو كەركووك، بۆیە ئەم پرسە پێویستی بە چارەیەكی سیاسی و عەقڵانی هەیە لە جیاتی سەپاندنی بڕیار لەلایەن پەرلەمانێكەوە كە دەستەی سەرۆكایەتییەكەی شكستیان بردووە و شەرعییەتی لە ژێر پرسیاردایە، كەچی دەشڕۆن بڕیاری نایاسایی و سیاسی دەردەكەن".
هەر پێوەست بەم پرسە، كاوە قەرەداخی، پارێزەری ڕاوێژكار، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "هەڵوەشاندنەوەی دەنگی دەنگدەرانی دەرەوەی وڵات و دەنگی تایبەت و دەنگی ئاوارەكان لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە، پێچەوانەی یاسا و دەستوورە و، هیچ بڕگەیەكی دەستوور و یاسای هەڵبژاردنەكان نییە دەسەڵاتی دابێت بە پەرلەمان لە ژێر هیچ بیانوویەكدا دەنگی دەنگدەران هەڵبوەشێنێتەوە".
شارەزایانی دەستووری و یاسایی پێیان وایە، بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراق دەربارەی دەنگی دەنگدەران و كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق، كێشەیەكی گەورە بەدوای خۆیدا دەهێنێت، چونكە هاوسەنگ و بێلایەن نەبووە لە بڕیارەكانیدا.
لەبارەی ئەوەی كە لە دانیشتنی 6ـی ئەم مانگەدا پەرلەمانی عێراق كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی سڕ كرد و لە جێگەیان دەستەیەكی دادوەری دانا و پاشان كۆمیسیۆن لە دادگای ئیتیحادی تانەی لە بڕیارەكەی پەرلەمان دا، كە تا چەند یاساییە، كاوە قەرەداخی دەڵێت: "بڕیارەكەی پەرلەمان ئەوەندەی سیاسییە، هێندە یاسایی نییە، بۆیە كاتێك كۆمسیۆن تانەیان لە بڕیارەكەی پەرلەمان داوە لەسەر سڕكردنیان، دەبێت چاوەڕێی بڕیاری دادگای ئیتیحادی بین، ئەگەر دادگا لە بەرژەوەندی تانەكانی كۆمیسیۆن كێشەكەی یەكلا كردەوە، ئەوە بڕیارەكانی پەرلەمان هەڵدەوەشێتەوە".
kdp -
