لە كەركووك حەشد هێزی بڵاوە پێكردووە.. لە شوێنە بەرزەكانیش قەنناسبەدەستی داناون
لە شاری كەركووك، شەوی رابرد سێ تەقینەوە ڕوویان دا، كە تەقینەوەی یەكەم لە شەقامی قودس بوو نزیك مزگەوتی ئەبرار و بەو هۆیەوە 18 كەس بریندار بوون و ئافرەتێك پێش ئەوەی بگەیێندرێتە نەخۆشخانە، گیانی لەدەست دا، هەروەها تەقینەوەی دووەم لە كافتریایەك بوو لەسەر رێگای "مرور بەلەد" كە دوو چەكداری حەشدی شەعبی نارنجۆكیان پێدا تەقییەوە و بەو هۆیەوە هەردووكیان گیانیان لە دەست دا و چەند كەسێكیش بریندار بوون، سێیەمیش ئەوە بوو كە بە قازیفە هێرشی سەر قوتابخانەیەكی گەڕەكی موسەللا كرا، بەڵام زیانی نەبوو.
عەدنان كەركووكی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كەركووك_ گەرمیانی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئەو تەقینەوانەی كەركووك و بەغدایش، ئەنجامی بڕیارە هەڵەكانی پەرلەمانی عێراقن و پێویستیشە ئەوان بەرپرسیارەتی هەڵگرن، چونكە بڕیارەكانیان هەمووی نایاسایی و نادەستوورین و سیاسین، ئەوانەیش دۆڕاون و دەیانەوێت بە زۆر خۆیان بكەنەوە پەرلەمانتار، كە ئەم بڕیارانە هیچان لە بەرژەوەندیی خەڵكی كەركووك و عێراقیشدا نین، جێگەی داخیشە كە هەندێك لایەنی كوردی تێیدا بەشدارن، كە بە واژۆ داوایان كردووە دەنگدانی تایبەت و ئاوارەكانی هەرێمی كوردستانیش هەڵوەشێندرێنەوە، بۆیە بارودۆخی عێراق بەرەو ئاقارێكی خراپتر دەچێت، چونكە ناكرێ مافی هاووڵاتیان كە دەستوور بۆی دیاری كردوون، یاریی پێ بكرێت".
كەركووكی گوتیشی: "ئەوەی دەكرێت بە پلانە و دەستی درەوەیشی تێدایە، ئەو هێزانەی سەر بە وڵاتانی هەرێمین ئەوانیش دەستیان تێدا هەیە، بۆ ئەوەی بارودۆخەكە بەرەو خراپتر بچێت، چونكە لە تەقینەوەكاندا هەرسێ ناوچەی كورد و سوننە و توركمانیان هەڵبژاردووە، بۆیە گەر ورد بیتەوە لێی، نیشانەی تێكدانی دۆخی كەركووكە و، هێزێكی ڕێكخراو لە كەركووك نییە كۆنتڕۆڵی دۆخەكە بكات".
ئەو بەرپرسەی پارتی، هەروەها باسی لەوەش كرد: "حەشدی شەعبی لە كەركووك هێزێكی یەكجار زۆری بڵاوە پێكردووە و لەسەر هەموو باڵاخانە بەرزەكان و شوێنە بڵندەكان، قەنناسبەدەستیان داناون، ئەمەش بۆ ترساندن و تۆقاندنی خەڵكە و هەر كەسێك بیانەوێت دەیكەنە ئامانج و دیاریشە كە ئەو هێزەی هاتووە، فەرمان لە كێ و كوێ وەردەگرێت".
kdp -
