پەرلەمانی کوردستان هەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی تایبەت رەت دەکاتەوە
راگەیەندراوى سەرۆكایەتیى پەرلەمانى كوردستان
لەبارەى هەڵوەشاندنەوەى دەنگدانى تایبەت لەهەرێمى كوردستان
لەكاتێكدا خەڵكى عێراق بەگشتى چاوەرێى ئەوەبوون دواى راگەیاندنى ئەنجامى هەڵبژاردنەكانى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق لایەنە عێراقییەكان پەلە بكەن لە پێكهێنانى حكومەتێكى هاوبەشی نیشتیمانى لەسەر بنەماى تەوافوق و شەراكەت بۆئەوەى كۆتایی بە قەیرانە سیاسی و ئەمنى و ئابوورییەكانى عێراق بهێنرێت. بەلاَم بەداخەوە بەبیانووى بوونى سەرنج و تێبینى لەسەر ئەنجامى هەڵبژاردنەكان كە بەدڵ وئارەزووى هەندێك لایەنى سیاسیی عێراق و كوردستانی نەبووە، رۆژى ٦/٦/٢٠١٨ پەرلەمانى عێراق لەدانیشتنێكى نائاساییدا یاسایەكى دوور لەبنەما دەستووری و یاسا بەركارەكانى هەڵبژدارنەكان تێپەڕاندو داواى هەژماركردنەوەى ١٠٠% ى دەنگەكان دەكات لەعێراقدا. لەبەشێكی یاساكەدا پێشێلكارییەكى گەورەى یاسایی بەرانبەر بە پرۆسەى دەنگدانى تایبەتی هەرێمى كوردستان كراوە و داواى هەڵوەشاندنەوەى دەنگى هێزەكانى پێشمەرگە و پۆلیس و ئاسایش و دژەتیرۆرى هەرێمى كوردستانى كردووە.
سەرۆكایەتیى پەرلەمانى كوردستان لەكاتێكدا پشتیوانى لەهەر رێكارێكى دەستوورى و یاسایی دەكا بۆ پێداچوونەوە و هەژماركردنەوەى دەنگەكان بۆ دەرخستن و دووپاتكردنەوەى راستى و دروستیى ئەنجامەكانى هەڵبژاردن لەسەرتاسەرى عێراقدا، لەهەمانكاتیشدا نیگەرانیى خۆى بەرانبەر بەشێوازى تێپەڕاندنى یاساكە رادەگەیەنێ و زۆر بەتوندیش ئەو بڕگەیە رەتدەكاتەوە كە داواى هەڵوەشاندنەوە و سڕِكردنى دەنگدانى تایبەتی هێزەكانى پێشمەرگەو پۆلیس و ئاسایش و دژەتیرۆرى هەرێمى كوردستانى كردووە. دووپاتیشى دەكەینەوە جیاكردنەوەى دەنگدانى تایبەتى هەرێم لەگەڵ دەنگدانى تایبەتی پاریزگاكانى ترى عێراق ئامانجى سیاسی و حزبیی هەندێك لایەنى عێراق و كوردستانیى لەپشتەوەیە و پێشێلكردنى مافی یاسایی دەنگدانى ئەندامانى هێزەكانى ناوخۆى هەرێمە و قابیلی قبوڵكرن نییە. وەك ئاشكرایە هێزەكانى پێشمەرگە و ناوخۆى هەرێم رۆلێكى كارایان لەشەڕى دژ بەداعش و زەمینەخۆشكردنى سەرخستنى پرۆسەى هەڵبژاردنەكان بینیوە، ناكرێ فیداركارى و قوربانییەكانى ئەم هێزانە بەپێشێلكردنى ئیرادەى دەنگدانیان و مافە یاسایی و دەستوورییەكانیان وەڵام بدرێتەوە.
ئەمجۆرە یاسایەى لە ئەنجوومەنى نوێنەران تێپەڕێندراوە جگە لەوەى دەبێتە مایەی نانەوەی نائارامی و ناسەقامگیریی سیاسی و ئەمنیی زیاتر لە عێراقدا، خزمەتیش بە ئایندەی سیاسی و كۆمەڵایەتی و پێكەوەژیان ناكات، هاوكات سەروەریی یاسا و دەستووری وڵاتیش دەخاتە ژێر پرسیارەوە و قەیرانەكانی عێراقیش قووڵتر دەكاتەوە.
داوا لە داداگاى فیدراڵی دەكەین هەرچى زووە هەڵوێستى روون و یەكلاكەرەوەى دەستوورییان هەبێت و سنوورێك بۆ ئەو پێشێلكارییانە دابنێن كە ماوەیەكە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق لەدژى مافە دەستوورییەكانى گەلى كوردستان تێیدەپەرێنێ. هەروەك داواكارین سەرجەم هێزە سیاسییەكانى عێراق و كوردستان لەچوارچێوەى دەستوور و یاسا بەركاركانى هەڵبژاردن رێز لە ئیرادەى دەنگدەران و ئەنجامى هەڵًبژاردنەكان بگرن و كێشەكانیان چارەسەر بكەن.
kdp -
