سەرۆک بارزانی: دوژمن چەند زاڵم بێت ناتوانێت ئیرادەی گەلەکەمان بشکێنێت
ئەمڕۆ شەممە 9\6\2018، لە ساڵیادی کارەساتی ئۆردوگای زێوە، سەرۆک بارزانی، پەیامێکی بڵاو کردووە، تێدا رای گەیاند: ”سەرباری ئەو كارەساتە گەورەیەی كە لەو ڕۆژەدا بەسەر میللەتەكەماندا هات بەڵام ئەوە ڕۆژێكی گرنگ و پڕ لە وانەیە لە مێژووی خۆڕاگری و قوربانیدانی گەلەكەماندا“.
سەرۆک بارزانی، لە پەیامەکەیدا، ئەوەشی خستووەتەڕوو: ”كارەساتی زێوە وانەیەك بوو بۆ هەموومان و دۆستەكانمان، قارەمانێكی وەك دایكە ئامینا كە جەرگسووتاو بوو و پارچە گۆشتی منداڵەكانی كۆ دەكردەوە، سەربەرزانە ئەو وانەیەی دا كە ئەگەر دوژمن لەتلەتیشمان بكات، بەڵام هەرگیز خۆ ناچەمێنین و لە فەرهەنگی خەباتی گەلی كوردستاندا خۆبەدەستەوەدان نییە“.
لە پەیامەکەی سەرۆک بارزانی، ئەوەش هاتووە: ”كارەساتی زێوە وانە بوو بۆ دوژمنیش كە چەندە زاڵم و دڕندە بێ بەڵام ناتوانێ ئیرادەی گەلەكەمان بشكێنێت و ئەوە سەركەوتنی ڕاستەقینەی میللەتەكەمانە بەسەر دوژمنی بێ ویژدان“.
ئەمەش دەقی پەیامەکەیە:
پەیامی سەرۆک بارزانی لە ساڵیادی کارەساتی ئۆردۆگای زێوە
بەناوی خودای بەخشندە و میھرەبان
لە ٩ـی حوزەیرانی ١٩٨٥ـدا ڕژێمی بەعس زۆر دڕندانە ئۆردۆگای ئاوارەکانی زێوەی بوردومان کرد و ژمارەیەکی زۆری ژن و منداڵ و خەڵکی بێتاوان شەھید و بریندار بوون.
سەرباری ئەو کارەساتە گەورەیەی کە لەو ڕۆژەدا بەسەر میللەتەکەماندا ھات بەڵام ئەوە ڕۆژێکی گرنگ و پڕ لە وانەیە لە مێژووی خۆڕاگری و قوربانیدانی گەلەکەماندا.
کارەساتی زێوە وانەیەک بوو بۆ ھەموومان و دۆستەکانمان، قارەمانێکی وەک دایکە ئامینا کە جەرگسووتاو بوو و پارچە گۆشتی منداڵەکانی کۆ دەکردەوە، سەربەرزانە ئەو وانەیەی دا کە ئەگەر دوژمن لەتلەتیشمان بکات بەڵام ھەرگیز خۆ ناچەمێنین و لە فەرھەنگی خەباتی گەلی کوردستاندا خۆبەدەستەوەدان نییە. ئەوە ڕێگەی ئازادیخوازیی میللەتێکی مەزلوومە، ئازادی باجی دەوێ و دەبێ قوربانی بدەین و نائومێد نەبین و بەردەوام بین و تەسلیم نەبین.
کارەساتی زێوە وانە بوو بۆ دوژمنیش کە چەندە زاڵم و دڕندە بێ بەڵام ناتوانێ ئیرادەی گەلەکەمان بشکێنێت و ئەوە سەرکەوتنی ڕاستەقینەی میللەتەکەمانە بەسەر دوژمنی بێ ویژدان.
لە یادی ئەو کارەساتەدا پارچە گۆشت و جەستەی پیرۆزی لەتلەتکراوی منداڵانی زێوە ھەرگیز لەبیر ناکەین و چرای خەبات و کۆڵنەدانی ئێمەن.
سڵاو لە شەھیدانی زێوە و شەھیدانی ڕێگەی ئازادی، سڵاو بۆ خۆڕاگری و قارەمانێتی دایکە ئامینا و ھەموو خانەوادە و دایکە شەھیدانی کوردستان.
مسعود بارزانی
٩ـی ٦ـی ٢٠١٨
باسنيوز
