وەزارەتی رۆشنبیری: ناتوانین رێگریی لە کۆمپانیاکانی پەخشی کەناڵە لۆکاڵییەکان بکەین

 وەزارەتی رۆشنبیری: ناتوانین رێگریی لە کۆمپانیاکانی پەخشی کەناڵە لۆکاڵییەکان بکەین
بەڕێوەبەری گشتیی راگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوە لە وەزارەتی رۆشنبیریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رای دەگەیەنێت، وەزارەت ناتوانێ رێگریی لە کارکردنی ھیچ کۆمپانیایەک بۆ پەخشکردنی کەناڵە لۆکاڵییەکان بکات.

محەمەد گەردی، بەڕێوەبەری گشتیی راگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوە لە وەزارەتی رۆشنبیری رایگەیاند، وەزارەت جارێکی دیکە داوا لە کۆمپانیای پەخشکردنی کەناڵە لۆکاڵییەکان دەکات نرخی ئامێری وەرگرتن کەم بکەنەوە، "بەڵام نازانین تاچەند سەرکەوتوو دەبین".

محەمەد گەردی هەروەها رایگەیاند، وەزارەتی رۆشنبیری نایەوێ رێگریی لە کارکردنی ئەو دوو کۆمپانیایە بکات، چونکە ئەگەر ئەوان کار نەکەن، هیچ کەناڵێکی ناوخۆ پەخشی نامێنێت، بەهۆی ئەوەی هیچیان ئەنتێنەی خۆیان نییە.

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی رۆشنبیری ئاماژەی بەوەش کرد، کە وەزارەتەکەی ناتوانێ نرخەکان دیاری بکات، تەنیا رێگە بە کۆمپانیاکان دەدات کێبڕکێ بکەن و تا ئێستاش سێ کۆمپانیا هەن، کە ”یەکێکیان مۆڵەتی نییە و یەکێکیشان کارەکانی لە سنوری ھەولێر تێپەڕی نەکردووە".

محەمەد گەردی جەختی لەوە کردووەتەوە، کە وەزارەتی رۆشنبیری گرێبەستی لەگەڵ ھیچ کۆمپانیایەک نەکردووە و خەڵک ئازادە بە چ سیستمێک و لەرێگەی چ کۆمپانیایەکەوە کەناڵە لۆکاڵییەکان وەردەگرێت، "ئێمە تەنیا مۆڵەتی کارکرنمان بەکۆمپانیاکان داوە نەک گرێبەست".

نرخی ئامێری وەرگرتنی کەناڵە لۆکاڵییەکان 39 ھەزار دینارە، جگە لە کڕینی کارتێکی ساڵانە، کە نرخەکە 36 ھەزار دینارە.

سیستمی نوێی DVBT2 لە 19ـی مانگەوە بۆ ناو شاری ھەولێر دەستی پێ کردوە و بڕیار بوو لەماوەی 20 رۆژدا سەرجەم کەناڵە ناوخۆییەکان بخرێنە سەر ئەو سیستمە.










باسنیوز
Top