کاندیدێکی یەکێتی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار ئاشکرا دەکرێ
د. عزەت سابیر، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکێتی، ڕایگەیاند: ”دکتۆر محەمەد سابیر، ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندیی یەکێتی، نووسراوێکی ئاراستەی ئەنجومەنی ناوەندیی حزبەکەی کردووە، بۆ ئەوەی کاندید بکرێ بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق یان یەکێک لەو پۆستە سیادییانەی بەر یەکێتی دەکەون لە عێراق“.
ئەوەشی ئاشکرا کرد کە ئەنجومەنی ناوەندی دکتۆر محەمەد سابیری بۆ ئەو پۆستە کاندید کردووە و لەمبارەیەشەوە نووسراوی بۆ جێگری سکرتێری گشتی و مەکتەبی سیاسیی یەکێتی کردووە.
لەبارەی بڕیاری کۆتاییش بۆ دیاریکردنی کاندیدی هەموو کورد بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، عزەت سابیر بە (باسنیوز)ی گوت: ”بابەتەکە پەیوەستە بە گفتوگۆکردنی لایەنە کوردییەکان، بەتایبەتیش پارتی و یەکێتی و ئەو حزبانەی کە کورسییان لە پەرلەمانی عێراقدا بەدەست ھێناوە“. ڕوونیشی کردەوە کە محەمەد سابیر، هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرایە لە بواری (فیزیای ئەتۆمی) و ”نزیکەی 50 ساڵە سیاسەت دەکات“.
ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر زیاتر لە سەرکردەیەکی پارتی ئەوەیان ڕاگەیاندووە، ئەوان پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق بە شایستەی هەڵبژاردنی پارتی دەزانن، بەڵام هێشتا گفتوگۆیان لەبارەی پۆستەکانی کورد لە بەغدا دەست پێ نەکردووە.
باسنیوز
