ڕۆژنامەی (ئەلعەرەب) : سەدر و عەللاوی و حەکیم ، هێڵی دانوستاندنی راستەوخۆ“ لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی دەکەنەوە
بەپێی راپۆرتێکی ڕۆژنامەی (ئەلعەرەب)، سەرچاوەیەکی نزیک لە موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر و سەرۆکی هاوپەیمانیی سائیرون رایگەیاندووە، سائیرون لەگەڵ چەند هاوپەیمانی و کوتلەیەک، گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی دروست دەکات.
هەروەک ئەو سەرچاوەیە رایگەیاندووە، موقتەدا سەدر، عەمار حەکیمی سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی و ئەیاد عەللاویی سەرۆکی هاوپەیمانیی نیشتمانی گەیشتوونەتە لێک تێگەیشتنێکی سەرەتایی بۆ دروستکردنی ”رەوتی زۆرینەی نیشتمانی“ لە پەرلەمانی عێراق.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە ”لە چەند رۆژی داهاتوودا“، موقتەدا سەدر، ئەیاد عەللاوی و عەمار حەکیم ”هێڵی دانوستاندنی راستەوخۆ“ لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی دەکەنەوە بۆ تاوتوێکردن و باسکردنی دوایین هەوڵەکانی پێکهێنانی حکوومەتی داهاتووی عێراق.
رۆژی شەممە 12/5/2018 پرۆسەی دەنگدانی گشتی لە هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق لەو وڵاتە و هەرێمی کوردستان ئەنجام درا و تێیدا سائیرون پلەی یەکەمی بە دەست هێنا.
ھاوپەیمانیی سائیرون لە ژمارەیەک لایەنی وەک حزبی شیوعیی عێراق و رەوتی سەدر و ژمارەیەک ھێز و لایەنی دیکە پێک ھاتووە و موقتەدا سەدری رێبەری رەوتی سەدر سەرۆکایەتی دەکات.
ئەمە لە کاتێکدایە کە لە دوای ڕووخاندنی رژێمی بەعس لە عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣، لە پێکهێنانی سەرجەم حکوومەتەکانی عێراقدا، سەرۆک بارزانی ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی گێڕاوە و لایەنە ناکۆکە عێراقییەکان بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق، پەنایان بۆ سەرۆک بارزانی هێناوە.
باسنيوز
