گۆڕان: کورسییەکانی یەکێتی بەهۆی بژاردنەوەی دەنگەکان کەم دەکات
ئاواتی شێخ جەناب، ئەندامی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، ڕايگەیاند: "ئەگەر بەپێی یاسا مامەڵە لەگەڵ دەنگی ھاووڵاتییان بکرێ، ڕووی ڕاستەقینەی ئەو لایەنانە ئاشکرا دەبێ کە ساختەکارییان لە ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراقدا کردووە، ھەرچەندە ئێمە چەندینجار ئاماژەمان بەوە کردووە کە یەکێتی ساختەکارییەکی گەورەی لە ھەڵبژاردنەکاندا کردووە، بۆیە من پێم وایە ئەگەر دەنگەکان بەدەست ھەژمار بکرێتەوە، کورسییەکانی یەکێتی کەم دەکات".
ئەو ئەندامی جڤاتی گشتیی گۆڕان ڕوونیشی کردەوە: "یەکێتی یەکێکە لەو لایەنە سیاسییانەی لە ئەنجامی ژماردنەوەی دەنگەکان دەترسێ، چونکە لە سیستەمی دەنگدانی ئەلکترۆنیدا ساختەکاری کراوە، بیگومان بەھۆی ژماردنەوەی دەنگەکەکان بە دەست، کورسییەکانی یەکێتی کەم دەکەن".
بە گوتەی ئاوات شێخ جەناب، ئەگەر بەھۆی ژماردنەوەی دەنگەکان بەدەست کورسییەکانی یەکێتی کەم بکات، ئەوا ”ئەگەری ئەوە ھەیە، یەکێتی کاردانەوەیەکی خراپی ھەبێت، دوا جار ئێمە ھیوادارین یەکێتی ھیچ مامەڵەیەکی لەو شێوەیەی نەبێت، بەڵام ئەگەر یەکێتی دژی بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراق ھەر پەرچەکردارێکی ھەبێت، ناتوانن ھیچ لە دەرەنجامەکانی ھەڵبژاردن بگۆڕن، چونکە حاڵەتێک ھاتووەتە پێشەوە و بۆ سەیرکردنی ھەر سندووقێکی ھەڵبژاردن کە زانیاری لای لایەنە سیاسییەکان و دادگا ھەبێت، چەند ڕێوشوێنێکی دیاریکراو ھەیە".
باسنيوز
