زێباری هۆشداری دەدات
ھۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی لە پەیجی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) رایگەیاندووە، حکوومەت و پەرلەمانی عێراق چەندین پێشێلکاریی دەستووریی و یاساییان ئەنجام داوە.
ھۆشیار زێباری ھەروەھا رایگەیاندووە، ئێستا پەرلەمانی عێراق ماوەی بەسەر چووە و مافی پەسەندکردنی پرۆژەیاساکانی نییە.
زێباری بە خاڵ ئەو پێشێلکارییە یاسایی و دەستوورییانەی دانیشتنی رۆژی چوارشەممە 6/6/2018ـی پەرلەمانی عێراقی خستووەتە روو، کە بریتین لە؛
- پەرلەمان ئێستا تەنیا دەتوانێ پێشنیازی یاسایی بکات و بیداتە حکوومەت بۆ ئەوەی حکوومەت بیکاتە پرۆژەیاسا و بینێرێتە پەرلەمان، خۆی ناتوانێ پرۆژەیاسا پێشکەش بکات.
- دەستووری عێراقی و پەیڕوی ناوخۆی پەرلەمان رێگایان بە بەکراوەیی ھێشتەوەی دانیشتنەکان نەداوە.
- پەرلەمان لەو دانیشتنەدا، خۆی وەک لایەنێکی کێشەکانی دوای ھەڵبژاردن نیشان دا و ھەر خۆیشی وەک داوەرێک رەفتاری کرد. ئەو کارەشی لە بەرژەوەندیی ئەندامە شکستخواردووەکانی لە ھەڵبژاردن، کرد.
- کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق پەیوەست نییە بە پەرلەمان، تەنیا دەکەوێتە ژێر چاودێریی پەرلەمان.
پەرلەمان دەسەڵاتی دەرکردنی کۆمسیارانی کۆمسیۆن و دانانی دادوەر لە شوێنی ئەو کۆمسیارانەی نییە.
- ئەنجومەنی وەزیرانیش دەسەڵاتی دروستکردنی لێژنەیان بۆ دەستوەردان لە کاروباری کۆمسیۆن، چونکە کۆمسیۆن دەستەیەکی سەربەخۆیە.
ئەو سەرکردەیەی پارتی پێی وایە ئەو پێشێلکارییە دەستووری و یاساییانە دەرەنجامی ”ترسناک“یان لێ دەکەوێتەوە و کاریگەریی نەرێنییان بەسەر رەوشی ئەمنی و ئاشتیی کۆمەڵایەتیی وڵاتەوە دەبێت.
لە کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممەدا، پەرلەمان تاوتوێی پرۆژەیاسای ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردنی کرد و پەسەندی کرد. پرۆژە پەسەندکراوەکە پێچەوانەی ھەموو یاساکانی دیکە، بەسەر ھەڵبژاردنێکدا جیبەجێ دەکرێت، کە بەر لە پەسەندکردنی ئەو پرۆژەیەی ھەموارکرد، ئەنجام دراوە.
باسنيوز
