كێلەشین.. دوو كۆڵبەر بە دەستڕێژی سوپای پاسداران بوونە قوربانی

 كێلەشین.. دوو كۆڵبەر بە دەستڕێژی سوپای پاسداران بوونە قوربانی
شەوی ڕابردوو بەهۆی تەقەی چەکدارانی سوپای پاسداران لە سنووری كێلەشین، دوو كۆڵبەری رۆژهەڵاتی كوردستان، بە سەختی بریندار بوون و گەیاندرانە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی سۆران.

عەمید عیماد كەنعان، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانی سۆران، لەمبارەوە رايگەیاند: "كاتژمێر 10ی شەوی ڕابردوو 6-6-2018 تیمەكانمان لە بنكەی بەرگریی شارستانیی سیدەكان، ئاگادار كرانەوە، كە 16 كۆڵبەری رۆژهەڵاتی كوردستان، لەكاتی دەربازبوونیان لە سنووری كێلەشین، لە دەڤەری شارەدێی سیدەكان و سنووری شاری شنۆی رۆژهەڵاتی كوردستان، كەوتونەتە بەر دەستڕێژی سوپای پاسدارانی سەر بە ئێران، لە ئەنجامدا دوو كۆڵبەری خەڵكی شاری ورمێ بە ناوەكانی (ش- ج) تەمەن 32 ساڵ، (د- ئ) تەمەن 28 ساڵ، بە سەختی بریندار بوون ".

بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران، گوتیشی: "هەر دوو بریندارەكە كاتژمێر 12ی شەوی رابردوو گەیاندرانە بنكەی تەندروستیی سیدەكان، دواتر بەهۆی سەختی برینەکانیەوە گواسترانەوە بۆ نەخۆشانەی فریاكەوتنی سۆران و تا ئێستا لەژێر چاودێریی پزیشكی دان و تەندروستییان جێگیرە".

بەپێی ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی (هەناگو) لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوو تەنیا لە سنووری کێڵەشین بە تەقە و دەستڕێژی ڕاستەوخۆی سوپای پاسداران بۆ سەر کۆڵبەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دوو کۆڵبەر کوژراون و چواری دیکەش بریندار بوون.









باسنيوز
Top