سەرۆك بارزانی پێشوازی لە نەقیبی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی عێراق دەكات
ڕۆژی چوارشەممە ٦ـی ٦ـی ٢٠١٨ لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعوود بارزانی پێشوازی لە موئەیەد ئەللامی نەقیبی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی عێراق كرد.
لە دیدارەكەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق و پێویستی لێكتێگەییشتنی گەلان و پێكهاتەكانی عێراق ئاڵوگۆڕ كرا و هەروەها ڕۆشناییش خرایە سەر قۆناغەكانی مێژوویی سیاسیی عێراق و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا.
هەر لەو دیدارەدا جەخت لە ڕۆڵی دەزگەكانی ڕاگەیاندن لە بڵاوكردنەوەی كولتووری پێكەوەژیان و لەیەكتێگەییشتن كرایەوە و ئەوەیش خرایە ڕوو كە پێویستە ڕای گشتیی عەرەبی لە ڕاستی و ڕەوایەتیی داواكاریی و مافەكانی گەلی كوردستان بگات و چیتر هەوڵ نەدرێت كە ناكۆكیی سیاسیی نێوان هەرێم و بەغدا بكرێتە دژایەتی و دوژمنایەتی نێوان نەتەوەكان و هەروەها ڕۆڵی ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەنووسیش لە ڕاستكردنەوەی ڕای گشتیی عەرەبی لەمەڕ گەلی كوردستان بە گرنگ لە قەڵەم درا.
ڕەوشی ڕۆژنامەگەری لە عێراق و هەروەها مەترسییەكانی هزری توندڕۆیی و تیرۆر تەوەری تری ئەو دیدارە بوون.
kdp -
