سەرۆك بارزانی لەگەڵ نەقیبی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی عێراق کۆبوویەوە

 سەرۆك بارزانی لەگەڵ نەقیبی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی عێراق کۆبوویەوە
سەرۆک بارزانی، لە سەڵاحەدین لەگەڵ نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسانی عێراق، کۆبوویەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 6\6\2018، سەرۆک بارزانی لە سەلاحەدین، لەگەڵ موئەیەد ئەللامی، نەقیبی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی عێراق کربوویەوە و لە دیدارەكەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق و پێویستی لێكتێگەییشتنی گەلان و پێكهاتەكانی عێراق ئاڵوگۆڕ كرا و هەروەها ڕۆشناییش خرایە سەر قۆناغەكانی مێژوویی سیاسیی عێراق و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا.

هەر لەو دیدارەدا جەخت لە ڕۆڵی دەزگەكانی ڕاگەیاندن لە بڵاوكردنەوەی كولتووری پێكەوەژیان و لەیەكتێگەییشتن كرایەوە و ئەوەیش خرایە ڕوو، كە پێویستە ڕای گشتیی عەرەبی لە ڕاستی و ڕەوایەتیی داواكاریی و مافەكانی گەلی كوردستان بگات و چیتر هەوڵ نەدرێت كە ناكۆكیی سیاسیی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا بكرێتە دژایەتی و دوژمنایەتی نێوان نەتەوەكان و هەروەها ڕۆڵی ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەنووسیش لە ڕاستكردنەوەی ڕای گشتیی عەرەبی لەمەڕ گەلی كوردستان بە گرنگ لە قەڵەم درا.

ڕەوشی ڕۆژنامەگەری لە عێراق و هەروەها مەترسییەكانی هزری توندڕۆیی و تیرۆر تەوەری تری ئەو دیدارە بوون.









باسنيوز
Top