گۆڕان: وازهێنانی عوسمانی حاجی مەحموود ڕاستە بەڵام بەرپرسمان نییە بووبێتە یەکێتی

 گۆڕان: وازهێنانی عوسمانی حاجی مەحموود ڕاستە بەڵام بەرپرسمان نییە بووبێتە یەکێتی
ئەندامێکی جڤاتی گشتیی گۆڕان ڕەتی کردەوە، هیچ بەرپرسێکی بزووتنەوەکە وازی لە ڕیزەکانیان هێنا بێت و دانیشی بە وازهێنانی عوسمانی حاجی مەحمووددا نا، بەڵام ڕەتی کردەوە ناوبراو چووبێتە نێو یەکێتییەوە.

خەلیل سەرکانی، ئەندامی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، ڕايگەیاند: ”لەڕاستیدا یەکێتی ھەر لە سەرەتای دروستبوونی بزووتنەوەی گۆڕانەوە بە شێوەیەکی چەواشەکاری و دوور لە ڕاستی، ھەندێکجار کۆمەڵێک خەڵک کە ئێمە نایان ناسین، دەیانهێننە سەر شاشە و پێشوازییان لێ دەکەن، بەناوی ئەوەی ئەمانە ھەڵسووڕاو و خەڵکی گۆڕانن، بەڵام ڕاستییەکەی لەسەرەتای دروستبوونی بزووتنەوەکەوە ئەم دیاردە بەدیاریکراوی لەلای یەکێتی ھەیە، چونکە ھەندێ خەڵک کە چوونەتە لای پارتی، دیارن و ناسراون“.

ئەندامەکەی جڤاتی گشتیی گۆڕان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، باسی وازهێنانی عوسمانی حاجی مەحموودی کرد کە یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی گۆڕان و گوتی: ”بابەتی وازھێنانی عوسمانی حاجی مەحموود ڕاستە، چونکە کاک عوسمان خۆی ھەندێک بێتاقەت بووە و تۆزێ تەندرووستی جێگیر نەبووە، بەڵام ئەو ناچێتە لای ھیچ لایەنێکی سیاسی“.

ئاشکراشی کرد کە ھیچ سەرکردەیەکی دیکەی گۆڕان پەیوەندی بە یەکێتییەوە نەکردووە و ”ئەو قسانە دوورە لە ڕاستییەوە، چونکە یەکێتی خۆی دۆخی خراپە، ئەگەر یەکێتی بە دزینی دەنگ و بەم فەزیحەیە نەبوایە کە بەم دواییە دروستی کرد، ئەوا یەکێتی بەتەواوی دۆڕابوو، بۆیە یەکێتی حزبێکی هێندە سەرکەوتوو نییە کە خەڵک بچێت بۆ لای“.









باسنيوز
Top