سلێمانی.. 23 کەس بە تۆمەتی ڕاوکردن دەستگیر دەکرێن

 سلێمانی.. 23 کەس بە تۆمەتی ڕاوکردن دەستگیر دەکرێن
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاشکرای کرد، کە 23 کەس لە سنووری سلێمانی، بە تۆمەتی ڕاوکردن دەستگیر کراون.

ئەمڕۆ چوارشەممە 6/6/2018، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی ڕاکەیاندراوێکی بڵاو کردەوە، وێنەیەکیشی بۆ (باسنیوز) ناردووە، تێیدا عەقیدی پۆلیس ھێمن کەمەرخان ئەفەندی، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتییەکە ڕای گەیاندووە: "پڕۆسەی قەدغەکردنی ڕاوی ماسی تا ئێستا بەردەوای ھەیە و لەو پێناوەشدا مەفرەزەکانمان لە سەرجەم بەش و بنکەکان و سەر دەریاچە و ڕووبارەکان بەردەوامسیان ھەیە، بەوپەڕی تواناوە پارێزگاری لە سروشت و ژینگە و سامانی ماسی دەکەن و ڕێگە لە سەرپێچیکاران دەگرن".

دەشڵێت: "ھەر بۆیە تەنیا لە 72 کاتژمێری ڕابردوودا، لەلایەن مەفرەزەکانمانەوە لە سنووری بەشی پۆلیسی دارستان و ژینگەی شارەزوور، بنکەی وارماوا، بەشی دەربەندیخان و بنکەی باوەخۆشێن، بەشی ماوەت و بنکەی سەنگاو، توانراوە 23 کەس لەسەر دیاردەی ڕاوکردنی ماسی و ئاژەڵی کێوی دەستگیر بکرێن، ھاوکات دەستیش گیراوە بەسەر زیاتر لە 200 ماسیی قەبارە جیاواز، 100 قولاپی بەکارھاتوو، لەگەڵ 110 قولاپی بێوایەردا، ھەروەھا نزیکەی 30 تۆڕ ھەڵگیراونەتەوە و ژمارەیەک ماسیی زیندوو لە تۆرەکان لێ کراونەتەوە و دووبارە خراونەتەوە ناو دەریاچەکان، ئەمەش لەگەڵ ئەوەی دەستگیراوە بەسەر پێنج ماتۆرسکیلدا".

عەقید ھێمن باسی لەوەش کردووە، کە لەگەڵ ئەوەی ڕاوچییەکان خۆیان و کەرەستە دەستبەسەرداگیراوەکان، بۆ لێپێچینەوە ڕادەستی یاسا کران، دووپاتیشی کردەوە کە مەفرەزەکانیان بەردەوامییان دەبێت لەپێناو پارێزگاریکردن لە سروشت و ژینگەی کوردستان و دەستگیرکردنی سەرپێچیکاران.










باسنيوز
Top