بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەكان: مەترسی لەسەر هەرێمی كوردستان نییە
ئەكرەم محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەكان لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، رای گەیاند گرتنەوەی ئاو لەلایەن توركیا و ئێرانەوە، نەبووەتە هۆكاری دروستبوونی قەیران.
ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات ئەوەی هەیە تەنیا دوو حاڵەتە، (گرتنەوەی ئاوی زێی بچووك، بەنداوی ئەلیسۆ) بەڵام لەسەر حكوومەتی عێراق پێویستە لەڕێگەی كەناڵەكانی خۆییەوە ئەو كێشەیە چارەسەر بكات.
بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەكان لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكوومەتی هەرێمی كوردستان جەخت دەكاتەوە كە "پرسی گرتنەوەی ئاو بابەتێكی سیادییە و چارەسەركردنی لە دەسەڵاتی حكوومەتی عێراقە".
ئەكرەم محەمەد، ڕوونی دەكاتەوە كە ئەوەی تا ئێستا حكوومەتی عێراق كردوویەتی بۆ چارەسەركردنی كێشەی كەمی ئاو، لە چوارچێوەی بەڵێن و لێدوانی رۆژنامەوانی تێنەپەڕیوە.
لەبارەی پلانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە، باسی لەوە كرد كە وەزارەتی كشتوكاڵ لەڕێگەی دروستكردنی بەنداو، پلانی بۆ چارەسەركردن هەیە، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە، ئێستا توانی جێبەجێكردنی نییە".
باسنيوز
