شارەزایان لەبارەی منبجەوە دەڵێن، پەیەدە ھۆكار بوو كورد لە یارییەكە دوور بخرێتەوە

شارەزایان لەبارەی منبجەوە دەڵێن، پەیەدە ھۆكار بوو كورد لە یارییەكە دوور بخرێتەوە
لەبارەی شاری منبجی باكووری سووریا، ھەردوو وڵاتی ئەمەریكا و توركیا، لەسەر نەخشەڕێگایەك بۆ چارەنووسی ئەو شارە، گەییشتن بە رێككەوتن. شارەزایەكی پەیوەندیی نێودەوڵەتییش دەڵێ، ئەوەی لەبارەی مبنجەوە كراوە، بەشێكی گۆڕانكاریی نێو سووریایە و پەیەدەیش بووە ھۆكار تا كورد لە یارییەكە دوور بخرێتەوە.

ئێوارەی دوێنێ، ھەر یەك لە مایك پۆمیۆ و مەولوود چاوش ئۆغلۆ، وەزیرانی دەرەوەی ئەمەریكا و توركیا، كۆ بوونەوە و لە كۆبوونەوەكەدا لەبارەی نەخشەڕێگای شاری منبجی باكووری سووریا رێك كەوتن. بەپێی راگەیێندراوێكی ھاوبەشیش، دووپاتیان لەسەر كاری ھاوبەش لە منبج كردەوە بۆ گێڕانەوەی سەقامگیری بۆ ناوچەكە، مەولوود چاوش ئۆغلۆ، وەزیری دەرەوەی توركیا، دوای كۆتاییھاتنی كۆبوونەوەی لەگەڵ ھاوشانە ئەمەریكاییەكەی، بە مێدیاكانی راگەیاند، "پێویستە یەپەگە خۆی لە شاری منبج بكێشَتەوە".

منبج، شارێكی سووریایە و دەكەوێتە باكووری ئەو وڵاتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا كە شارێكی عەرەبییە، بەڵام ژمارەیەكی بەرچاو كورد تێیدا نیشتەجێن. دكتۆر كاوە ئازیزی، شارەزای كاروباری سووریا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "بەداخەوە نازانین پەیەدە بۆچی لە شاری منبج مایەوە و بڕیاری لە كێ وەرگرتووە، ئەوان ھەردەم بە تاكلایەنە بڕیار لەبارەی پاشەڕۆژی رۆژئاوای كوردستان دەدەن، نازانین فەرمان لە كوێ دێت، دەشكرێ لە دەرەوەی سنووری سووریا بۆیان بێت، بۆ ئێمەیش جێگەی پرسیارە، ئێستا حەوت ھەزار چەكداری قەسەدە، ھێزی سووریا دیموكرات، لەنێو شاری منبج جێگیر كراون، پەیەدە خزمەت بە دۆزی كورد ناگەیەنێ، چونكە ئامادەیە لەگەڵ ھەموو لایەنەكان رێككەوتن بكات، كەچی ئامادە نییە لەگەڵ ھێزە كوردییە رەسەنەكان بگاتە رێككەوتن".

وەك شارەزایەكی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان ئاشكرای دەكات، تاكڕۆیی پەیەدە و ھەڵەكاكردنی لە رۆژئاوای كوردستان، وای كرد كورد لەنێو یارییەكە دەربكرێت و ھیچ رۆڵێكی نەبێت لە گۆڕانكاریی نوێدا.
كەریم كاوە، شارەزای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، "ھەندێ لایەنی كوردی ھەن دەیانەوێ بۆ ئەوەی ھەژموونی خۆیان بە تەنیا بەسەر ناوچەیەكدا بسەپێنن، تا خۆیان جڵەوی دەستەڵات بگرنە دەست، تووشی ھەڵەی گەورە دەبن كە دواتر باجەكەی قورسە، ئەگەر كورد یەكدەست و یەكگرتوو بووایە لە رۆژئاوای كوردستان، رەوشەكە بەو جۆرەی ئێستا نەدەبوو، كە كورد لەنێو یارییەكە وەدەر بنرێت و دەستەڵات بدرێتەوە بە توركیا و ئەمەریكا لە منبج، بە دڵنیاییەوە لە گۆڕانكارییەكەی سووریادا بە ھەر شێوەیەك بووایە كورد دەخرایە نێو یارییەكەوە، بەڵام ئێستا دەبینین كورد لە چوارچێوەی گۆڕانكارییەكەدا دوور خراوەتەوە، بۆیە جگە لە یەكڕیزی، ھیچ چارەیەكی دیكە نییە بۆ ئەوەی كورد لە رۆژئاوای كوردستاندا خۆی لەسەر پێ بگرێت".

ئەمەریكا ناوە ناوە ھاوكاریی پێشكەش بە پەیەدە دەكرد بۆ شەڕی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعش، بەڵام وەك دكتۆر كاوە ئازیزی دەڵێت، ھیچ رێككەوتنێكی كۆنكرێتی لە نێوانیاندا نەبوو و كەسیش نازانێ ھێزەكانی پەیەدە بۆچی لە شاری منبج ماونەتەوە. گوتیشی، "ئەمەریكا وڵاتێكی زلھێزی جیھانە و توركیا وڵاتێكی زلھێزی ناوچەكەیە، ھەردوولا بەرژەوەندیی ھاوبەشیان ھەیە، لەبەر ئەوە پەیەدە كڕین و فرۆشتنی پێوە دەكرێت، ئەگەر كار گەییشتە سەر بەرژەوەندییش، پەیەدە ژمارەیەك نییە لە سووریا، كەواتە ھیچ رێككەوتنێكی كۆنكرێتی لە نێوان پەیەدە و ئەمەریكادا نییە تا گەرەنتیی ئەوەی پێ بدرێت دەرنەكرێت لە منبج، دیارە پەیەدە بەكرێگیراوە، پێشتر پەیەدە بۆ شەڕی داعش چووەتە نێو شاری منبج، بەڵام نیەتی مانەوەی پەیەدە ئەوە بوو تا منبج بكاتە بەشێك لە كانتۆنی عەفرین، كەچی دوای ھەزاران قوربانی، ھیچ بەرھەمێكی نەبوو، ئەوەش مەترسییە بۆسەر كورد لە رۆژئاوای كوردستان".

سەرۆك بارزانی، بۆ ئەوەی كورد لە رۆژئاوای كوردستاندا بگات بە ئامانج و یەكگرتوو بێت، ھەوڵی زۆری دا بۆ گەیشتن بە رێككەوتن لە نێوان ھێزەكانی رۆژئاوای كوردستاندا، بەڵام پەیەدە ھەر زوو خۆی كشاندەوە لە دانوستانەكان و ئامادە نەبوو ئەوەی لەسەری رێك كەوت، جێبەجێی بكات، وەك كەریم كاوەش روونی كردەوە، "لە ھەر شوێنێك تاكڕۆیی ھەبێت، بێگومان لە كۆتاییدا دەگەنە بنبەست و كۆتاییەكەی ھەر گەڕانەوەیە بۆ سەر مێزی دانوستان، پێشتر لەسەر دەستی سەرۆك بارزانی چەندین ھەوڵ بۆ گەییشتن بە رێككەوتن لە نێوان لایەنە كوردییەكانی رۆژئاوای كوردستان درا، كەچی پەیەدە بە تاكلایەنە پێشێلی ھەموو رێككەوتنەكانی كرد، گۆڕانكاری زۆر لە سووریا دەكرێت، ھەتا جێگیركردنی ھێزی ئەمەریكا لە شنگالیش پەیوەندی بەو گۆڕانكاریانەوە ھەیە و، ئەمەریكا و توركیا لەسەر خاكی سووریا زۆر رێككەوتنی دیكە دەكەن و ئەوەی لەبارەی منبجەوە كراوە، بەشێكە لەو گۆڕانكاریانە".
kdp -
Top