سەرۆك بارزانی: دەرفەتێكی نوێ بۆ چارەسەری كێشەكانی عێراق هاتووەتە ئاراوە
سەرۆك بارزانی لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (تویتەر) لە پۆستێكدا نووسیویەتی "لەو دەرفەتە نوێیەدا پێویستە زۆر بە ڕوونی كار بە پرەنسیپەكانی هاوبەشی و تەوافوق و هاوسەنگی بكرێت، نەك ئەوەی وەك پێشتر تەنیا لایەنێك بڕیار لەسەر پڕۆسەی سیاسی و بەڕێوەبردنی وڵات بدات".
هەروەها ئاماژەی بەوەداوە "لەژێر ڕۆشنایی ئەو سێ پرەنسیپە لە هەوڵێكی جیدی داین بۆ ئەوەی لایەنە سەرەكییەكان بگەنە ئەنجام، پێمانوایە پابەندبوون بەو پرەنسیپانە، دەبێتە هۆی چارەسەری بنەڕەتی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و پڕۆسەی سیاسیی عێراق بە گشتی".
لە 12ی ئایاری رابردوودا هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو، ئەگەرچی چەند هەفتەیەكە ئەنجامەكانی كۆتایی هەڵبژاردنەكان راگەیەندراوە، بەڵام تا ئێستە لایەنە سیاسییە براوەكانی عێراق نەگەیشتوونەتە ڕێكەوتن لەسەر پێكهێنانی كوتلەیەكی گەورە تا سەرۆك وەزیرانی نوێ دیاری بكەن و دواتر حكوومەتی نوێ پێكبێنن.
باسنيوز
