یەپەگە لێدوانێکی وەزیری دەرەوەی تورکیا پشتڕاست دەکاتەوە
بەپێی هەواڵێکی میدیاکانی پەکەکە، رۆژی سێشەممە 5/6/2018 فەرماندەیی گشتیی یەپەگە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی منبج لەژێر دەسەڵاتی رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە مانگی 8ـی 2016، بە ”لێکتێگەیشتن لەگەڵ تورکیا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش“ی ئەنجام داوە.
لە بەیاننامەکەدا، فەرماندەیی گشتیی یەپەگە ئاماژەی بەوە کردووە، کە دوای رزگارکردنەوەی منبج و دامەزراندنی ئەنجومەنی سەربازیی منبج، ئەنجومەنەکە داوای لە یەپەگە کرد هاوکاریی بکات بۆ مەشقکردن و راهێنان بە چەکدارانی سەر بە ئەنجومەنەکە و ئێستاش لەسەر داوای هەمان ئەنجومەن، ”راوێژکارەکانی یەپەگە لە منبج دەکشێنەوە“.
ئەو بەیاننامەیەی فەرماندەیی گشتیی یەپەگە دوای لێدوانێکی مەولود چاویشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا دێت، کە رایگەیاندبوو، ”لەگەڵ ئەمریکا رێک کەوتووین لەسەر دوورخستنەوەی یەپەگە لە منبج“.
مەولود چاویشئۆغڵو هەروەها رایگەیاندبوو، کە ئەو چەکانەی ئەمریکا بۆ شەڕی داعش بە یەپەگەی دبوو، وەردەگیرێتەوە و شاری منبجیش لە باکووری سووریا رادەستی تورکیا دەکرێت.
باسنيوز
