چەند سەرکردەیەکی باڵای یەکێتی لە پۆستەکانیان لادران
بەپێی زانیارییەکان، بە بڕیاری مەکتەبی سیاسی و مەکتەبی ڕێکخستنی یەکێتی، ھەریەک لە بەرزانی ئەحمەد کوردە، بەرپرسی مەڵبەندی چەمچەماڵ، شێرکۆ میروەیس، بەرپرسی مەڵبەندی خانەقین، ڕەھبەری سەیدبرایم، بەرپرسی مەڵبەندی کۆیە، لە پۆستەکانیان لادراون و لە جێگەیاندا کەسانی دیکە دانراون.
یەکێتی گومانی ئەوەی کردووە، ئەو بەرپرسانە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ پشتگیرییان لە قەوارەکەی بەرھەم ساڵح کردووە، بۆیە یەکێتی پۆستەکانی لێ وەرگرتوونەتەوە و بەشێکیشیان پۆستی بچووکتر و جێگریی مەکتەبەکانی حزبەکەیان پێ دراوە.
لەمبارەیەوە سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی فەرمیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕایگەیاند: " ھیچ بەرپرسێکی مەڵبەندەکان بەھۆی قەوارەکەی بەرھەم ساڵحەوە نەگۆڕاون، بەڵکوو مەکتەبی ڕێکخستن گۆڕانکاریی کردووە و لەگەڵ ئەوەشدا بەرپرسی مەڵبەندی خانەقین و بەرپرسی مەڵبەندی دھۆک بوونەتە پەرلەمانتار، بۆیە لە پۆستەکانیان لابراون، بەڵام ڕەھبەری سەیدبرایم، خۆی وازی لە پۆستەکەی ھێناوە و بەرزانی ئەحمەد کوردەش داوای ئەوەی کردووە، پۆستەکەی پێشووی وەربگرێتەوە“. دووپاتیشی کردەوە کە ئەو گۆڕانکارییە، ”تەنیا مەکتەبی ڕێکخستن پێی هەڵساوە و پەیوەندی بە ھیچ شتێکی دیکەوە نییە".
بە گوتەی سەعدی پیرە، "بەشێکی زۆری ئەو بەرپرسانە، خۆیان پێیان باش بووە، پۆستەکەیان لێ وەربگیرێتەوە و بە کەسانی دیکە ئەو پۆستانە پڕ بکرێنەوە“. گوتیشی: ”ھیچ بەرپرسێکی یەکێتی بەهۆی قەوارەکەی بەرھەم ساڵح، پۆستەکەی لێ وەرنەگیراوەتەوە".
سەعدی پیرە ئاشکرای کرد: "گۆڕانکارییەکان بەم شێوەیە کراون، سیروانی کوێخا نەجم، لە مەڵبەندی چەمچەماڵ دانراوە. وەستا ڕەسووڵ، لە مەڵبەندی ڕانیە دانراوە. ھەروەھا سامان گەرمیانی لە مەڵەندی گەرمیان دانراوە. موحسین عەلی ئەکبەر لە مەڵبەندی خانەقین دانراوە و عوسمان بانیمارانی لە مەڵبەندی کۆیە دانراوە".
هەر لەمبارەیەوە فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕایگەیاند، دوای ئەوەی لە چوارچێوەی گۆڕانکارییەکاندا ڕەھبەر سەید براھیم وازی لە پۆستی لێپرسراوی مەڵبەنی کۆیەی یەکێتی ھێنا، لە بەرامبەردا یەکێتی ”پۆستی جێگری لێپرسراوی مەکتەبی ڕاگەیاندنی یەکێتی پێدا“.
ئاماژەی بەوەشدا، مەکتەبی ڕێکخستنی یەکێتی گۆڕانکاری لە مەڵبەندەکاندا کردووە و ژمارەیەک بەرپرسی مەڵبەندی گۆڕیوە، بەڵام کەسانی دیکەی بۆ ئەو پۆستە داناوە. گوتیشی: ”ئێمە ئەوە بەھەنگاوێکی باش دەزانین و پێمان وایە ھەر گۆڕانکارییەک لە ئۆرگانەکانی یەکێتیدا بکرێت، دەرئەنجامی باشی دەبێت“.
باسنیوز
