سەرکردەیەکی دیکەی بزووتنەوەی گۆڕان دەستی لەکار کێشایەوە
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست کەوتوون، ماوەی چەند ڕۆژێکە شێخ ھیمداد حەمەد، ڕێکخەری ژووری پەیوەندییە سیاسییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان، بە شێوەیەکی فەرمی و بەھۆی ”بوونی کێشە و تەکەتولاتی جۆراوجۆری ناو بزووتنەوەی گۆڕان“، وازی لە بزووتنەوەکە ھێناوە و نامەی دەست لەکارکێشانەوەکەشی پەسەند کراوە.
هەرچەندە بە گوتەی شاناز محەمەد، ئەندامی ژووری پەیوەندییە سیاسییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان، کە لە لێدوانێکیدا دەڵی: ”شێخ ھیمداد، وازی لە ڕیزەکانی گۆڕان نەھێناوە، تەنیا وازی لە پۆستەکەی ھێناوە"، بەڵام چەندان سەرچاوەی نێو گۆڕان جەخت لە وازهێنانی تەواوەتیی ئەو بەرپرسەی گۆڕان دەکەنەوە.
شاناز محەمەد دەڵێ: ”بزووتنەوەی گۆڕان پەیڕەوێکی ھەیە، ھەر کەسێک پۆستێکی ھەبێت، دوای دوو ساڵ بە ویستی خۆی دەتوانێت واز لە پۆستەکەی بھێنێت، چونکە لەناو بزووتنەوەی گۆڕاندا تاسەر پۆست بۆ ھیچ کەسێک نامێنێت، ڕەنگە ڕێکخەرەکەشمان ئەگەر خۆی حەز بکات، دوای دوو ساڵی دیکە واز لە پۆستەکەی بھێنێت".
جەختیشی لەوە کردەوە: ”ئەگەر جڤاتی نیشتمانی کۆ ببێتەوە، ڕەنگە لە جێگەی شێخ ھیمداد، کەسێکی دیکە بۆ پۆستی ڕێکخەری ژووری پەیوەندییە سیاسییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان ھەڵبژێرن".
ئەمە لە کاتێکدایە کە بەپێی زانیارییەکان، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر عوسمانی حاجی مەحموود، سەرکردەی باڵا و یەکێک لە دامەزرێنەرانی گۆڕان دەستی لەکار کێشاوەتەوە.
باسنیوز
