دوایین زانیاری لەبارەی هەوڵەکانی هەرزانکردنی نرخی بەنزین

 دوایین زانیاری لەبارەی هەوڵەکانی هەرزانکردنی نرخی بەنزین
بەرپرسێکی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، ھەوڵێک بۆ ھەرزانکردنی نرخی بەنزین ئاشکرا دەکات و رای دەگەیەنێت، بڕیارە بەنزینخانە حکوومییەکان بکرێنەوە و بەنزین بە ھەرزانتر دابین بکەن.



مستەفا تەھا جەبار، بەڕێوەبەری دابەشکردنی سووتەمەنیی ھەولێر لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، تایبەت بە (باس)ی راگەیاند: “ھەوڵێکمان داوە و پشتیوان بە خوا ھەوڵەکەمان ئەنجامی دڵخۆشکەری دەبێت و بۆ بەرژەوەندیی ھاووڵاتییان بەنزین ھەرزان دەبێت”.



سەبارەت بە وردەکاریی ئەو ھەوڵەیان، گوتی: “ھەوڵەکەمان ئەوەیە کە بڕێک بەنزینمان بۆ بێـت، تاوەکوو لە بەنزینخانە حکوومییەکان دابەشی بکەین و بە نرخی حکوومی بیفرۆشینەوە”.



جەختیشی کردەوە، خەریکی میکانیزمێکن بۆ بەگەڕخستنەوەی بەنزینخانە حکوومییەکان، گوتیشی: “ئەگەر ئەو میکانیزمە جێبەجێ بکرێت، ئەوا بەنزینخانە حکوومییەکان وەکوو پێشوو بەگەڕ دەخرێنەوە و لە بەغداوە بەنزینمان بۆ بێت و دابەشی بکەین”.



روونیشی کردەوە، وەزارەتی نەوتی عێراق بەڵێنیان بە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان داوە لە ئایندەیەکی نزیکدا بەنزین بۆ ھەرێمی کوردستان رەوانە بکەن، گوتیشی: “نازانین ئەو بەنزینەی لە بەنزینخانە حکوومییەکان بڕیارە بفرۆشرێت لیتری بە ٤٥٠ یان ٥٠٠ دەبێت، بەڵام بەدڵنیایی لە بەنزینی بازرگانی ھەرزانتر دەبێت، ئەو کاتەش کێبڕکێ دروست دەبێت و نرخی بەنزینی بازرگانییش ھەرزان دەبێت”.



بە جۆرێک بەنزینی بازرگانی گران بووە، لە ھەندێک شوێن لیتری بووەتە ٧٥٠ دینار، ئەوەش نیگەرانی و کاردانەوەی لێ کەوتووەتەوە.



سەبارەت بە گرانبوونی بەنزین لە بەنزینخانە ئەھلییەکان، ئەو بەرپرسەی سامانە سروشتییەکان دەڵێت: “چەند ھۆکارێک ھەیە، یەکێکیان گرانبوونی نەوتی خاوە، کە بۆ ھەر تەنێک بەنزین ٨٠ دۆلار گران بووە، ھۆکارێکی تریش ئەوەیە ھاوینان خواست لەسەر بەنزین زۆرە، ئەوانەش ھۆکار بوونە بۆ گرانبوونی بەنزین، بەڵام بەدواداچوونمان ھەیە بۆ ئەوەی نرخەکە داببەزێت”.



لە پاڵاوتگەی کەڵەک لە ھەولێر، رۆژانە یەک ملیۆن تا دوو ملیۆن لیتر بەنزین بەرھەم دێت و زیاتر لەو بڕەش لە دەرەوەی وڵات دەھێندرێت بۆ کوردستان.



بەرپرسی سووتەمەنی پێی وایە، ئەگەر بەشێکی زیاتری نەوت بۆ پاڵاوتگەی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان بێت، نرخی بەنزین ھەرزانتر دەبێت.



مستەفا تەھا ئاشکراشی کرد، بەدواداچوون بۆ کوالێتیی بەنزین دەکەن و چەندین بەنزینخانەش سزا دراون یان داخراون، بەڵام دووپاتی دەکاتەوە، لە رووی کوالێتییەوە بەنزینەکەی پارێزگای ھەولێر زۆر باشترە لە پارێزگاکانی تر.



بەپێی بەدواداچوونێک دەردەکەوێت، نرخی ھەر لیترێک بەنزین لەنێوان پارێزگاکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان ٣٠٠ دینار جیاوازیی ھەیە، بە جۆرێک لە پارێزگاکانی تری عێراق لیتری بەنزین بە ٤٥٠ دینارە، بەڵام لە ھەرێمی کوردستان لەنێوان ٧٠٠ بۆ ٧٥٠ دینارە.



بەڕێوەبەری دابەشکردنی سووتەمەنی لەم بارەیەوە گوتی: “ھەر لە سەرەتاوە حکوومەتی عێراقی لیترێک بەنزینی بە ٤٥٠ دینار دەفرۆشێت، بەڵام ئەو نرخە پشتیوانیی لێ کراوە، واتا حکوومەت پاڵپشتیی دەکات و کەرتی تایبەت نییە، بەڵام بەھۆی قەیرانی دارایی لە کوردستان ئەو پشتیوانییە نەماوە”.




باسنیوز
Top